پیاوێک 18 ساڵە لە ماڵەکەیدا ماری ژەهراوی بەخێو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی روانسەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییەک 18 ساڵە مار لە ماڵەکەیدا بەخێو دەکات. ئەو مارانەی کە نەخۆش یان بریندار بن دەباتەوە ماڵەوە و چارەسەریان دەکات. ماوەیەک لە ماڵەوە رایاندەگرێت و دواتر دەیانگەڕێنێتەوە باوەشی سرووشت.
ئەو هاونیشتمانییە ناوی خوداداد مروەتییە خەڵکی گوندی پیرۆزەیە سەر بە شاری روانسەری کرماشان، وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، مارەکان ددانیان دەرنەهێنراوە و توانای گەستنیان هەیە، ئەو هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی لەبارەی یەکێک لە مارەکان دەڵێت: "ئەو مارە لە رێگەی نێوان روانسەر و جوانڕۆ ئۆتۆمبێل لێیداوە و منیش هێناومەتەوە و ئێستا بریندارە، کاتێک چاکبووەوە دەیبەمەوە بۆ نێو سرووشت رزگاری دەکەم".
خوداد تەمەنی 43 ساڵە و 18 ساڵە مار بەخێو دەکات. هاوژین و منداڵەکانیشی لەگەڵ ئەم دۆخە راهێناوە، لەو بارەوە دەڵێت: قەت پارەی بە کەرەستەی یاریکردن نەداوە بۆ منداڵەکانی و ئەوانی فێرکردووە لەگەڵ مارەکان یاری بکەن.
خوداداد مارەکان دەباتە سەر خوان و بەیەکەوە نان دەخۆن ئەو دەڵێت، مارەکان شۆربا، شیر، برنجی بێخوێ و پەتاتە بە چێژەوە دەخۆن، هەر مارێکیش بریندار کرابێت دەیباتەوە و چارەسەری دەکات، دواتر دەیانگەڕێنێتەوە بۆ نێو سرووشت، بەو هۆیە لە میدیای ئێراندا ناسناوی باشترین مارگری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێدراوە.
مارەکانی خوداداد تاوەکو ئێستا زیانیان بە کەس نەگەیاندووە و لە ماڵەکەی خۆشی دەرناچن، ئەگەر خۆشی لەماڵەوە نەبێ، پاسەوانی لە ماڵەکەی دەکەن. خوداداد دەڵێت، بەهۆی ئەو مارانەوە میوانی ناوەختی نییە. کەسێک بیەوێ بچێتە ماڵیان، لەپێشدا تەلەفۆن دەکات و داوا دەکات مارەکان بکەینە ژووری خۆیان.