گوهدار شێخۆ: لە رەمەزاندا 30 خانوو، شوقە و یەکەی نیشتەجێبوونمان بۆ هەژاران دابین کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایدەگەیێنێت، لە مانگی رەمەزاندا 30 خانوو، شوقە و یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ کەسوکاری شەهیدان، هەژاران و خێزانی بێ باوک لە سنووری زاخۆدا دابین کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی ئیدارەکە بۆ مانگی رەمەزان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-04-2023، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا باسی لە کارە خێرخوازییەکانی ئیدارەکە لە مانگی رەمەزاندا کرد و رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، 30 خانوو، شوقە و یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ 30 خێزانی بێ داهات، کەسوکاری شەهیدان، هەژاران و خێزانە بێ باوکەکان دابین کردووە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی، سەرەڕای ئەوەش، سێ هەزار و 500 سەبەتەی خۆراکیان دابەشکردووە، هاوکات زیاتر لە دوو هەزار خێزان زەکاتیان پێدراوە و قەرزی 53 خێزانیش دراوەتەوە. گوتیشی، هەموو ئەوانە بە هاوکاریی بازرگانان و سەرمایەدارانی سنوورەکە بووە.
رۆژانە لە مانگی رەمەزاندا ئاهەنگی ئایینی لە نزیک پردی دەلال کراوە، هەروەها رۆژانە لە پارکی شەهیدان لە سەنتەری زاخۆ خۆراکی بەربانگ بۆ زیاتر لە 600 کەس ئامادەکراوە، ئەمە بە گوێرەی راگەیێندراوی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.