رووداو نێوەڕۆکی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەبارەی پڕۆژەی (هەژماری من) ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پارتی و یەکێتی لەبارەی پڕۆژەی (هەژماری من) رێککەوتوون.
رۆژی پێنجشەممە، 17/4/2025، شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە.
دوو سەرچاوەی باڵا لە پارتی و یەکێتی بە رووداویان گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا پارتی و یەکێتی لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من رێککەوتوون. رێککەوتنەکە چەند خاڵێکە و بەپێی ئەو رێککەوتنەش، یەکێتی پشتگیری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من دەکات".
بەپێی رێککەوتنەکە، پڕۆژەکە دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی، مووچە بە تەواوی دەخرێتە سەر هەژماری مووچەخۆر و بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی هەژمار ناکرێت.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، پڕۆژەکە بۆ زیادکردنی هەر بانکێکی دیکە کراوە دەبێت کە مەرج و رێنماییەکان بیگرێتەوە و هیچ سزایەک نەدرابێت.
هەر بە گوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو ئەو گرێبەستانەی لە پڕۆژەی (هەژماری من) لەگەڵ بانکەکان کراون، کۆپییەکیان دەدرێتە یەکێتی.
بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەکێتی رۆژی 27/4/2025 لەبارەی دابەشكردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.