بەڕێوەبەری بەنداوەکان: ئەم بارانە سوودی بۆ بەنداوەکانی دهۆک و دووکان نەبوو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەنداوەکان دەڵێت، ئەم ساڵ داهاتی ئاوی هەر سێ بەنداوە گەورەکە زۆر کەمە، ئەم بارانە کەمێک سوودی بە بەنداوی دەربەندیخان گەیاند، بەڵام هیچ سوودێکی بۆ بەنداوی دووکان و دهۆک نەبوو.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران کەم باریوە، تاوەکو ئێستا نەبووەتە هۆی بووژانەوەی بەنداو و کانیاوەکان، بەتایبەتی هەر سێ بەنداوە گەورەکەی دووکان، دهۆک و دەربەندیخان داهاتیان زۆر کەمی کردووە.
وەکو بەڕێوەبەری بەنداوەکان باسی دەکات، ئەم بارانەی لە دوو رۆژی رابردوودا ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە گشتی "دڵخۆشکەر" بوو بۆ هەموو خەڵک، هەروەها بووە هۆی بوژانەوەی بەهار، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بەنداوە بچووکەکان، بەڵام کەمتر سوودی بۆ بەنداوە گەورەکان هەبوو.
لەبارەی بڕی ئاوی بەنداوەکان، رەحمان خانی گوتی "ئاستی ئاوی بەنداوەکان ئەم ساڵ بەراورد بە پار (هەمان کات) کەمترە، بەڵام بە گشتی ئاوی بەنداوەکان ستانداردە و مەترسی لەسەر نییە، بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو باران زیاتر باریوە، بۆیە وادادەنرێت کە ئەمساڵ وشکەساڵییە، بەڵام وانییە و لە ئاستی ستاندارد کەمتر نییە، هەر خۆیشی بەنداوەکان لە زستان ئاو کۆدەکەنەوە لە هاوین ئاوەکە بەکاردەهێندرێت و نامێنێت، تاوەکو پایز ئاومان هەیە و بەشمان دەکات."
جگە لە بەنداوەکانی دهۆک، دەربەندیخان و دووکان، لە هەرێمی کوردستان 20 بەنداوی مامناوەند و بچووکیش هەن. بەڕێوەبەری بەنداوەکان گوتی، "ئاستی ئاوی بەنداوە بچووکەکان باشە و دەکرێت سوودیان لێ ببیندرێت، بەڵام لە هەندێکیان وەکو بەنداوی گۆمەسپان ئەمساڵ داهاتیان زۆر کەم بووەتەوە."
بەڕێوەبەری بەنداوەکان گوتی، "پلانێکی هەمەلایەنمان هەیە بۆ هاوین و کار دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هاوسەنگی رابگرین لەنێوان بڕی بەکارهێنان، سەرچاوە و داهاتەکان، لە تەواوی عێراق ئەو پڕۆژە کشتوکاڵیانەی پێویستیان بە ئاوێکی زۆرە، ناکرێت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی کەمئاوی نەبینەوە."
بەگوێرەی ئامارێک کە رێکخراوی ئاوی کوردستان بە رووداوی داوە، ساڵانە 47 ملیار مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەو بڕە تەنیا سوود لە 17 ملیاری وەردەگیرێت و 30 ملیارەکەی دیکەی بەفیڕۆ دەڕوات.