دانیشتووانی کانی گەنی داوای چاککردنی رێگەوبانی گوندەکەیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندێکی سنووری هەولێر گلهیی لە کەمیی خزمەتگوزارییەکان دەکەن و دەڵێن، رێگەوبانی گوندەکەیان وێرانە. قایمقامی قەزاکەش باس لەوە دەکات، بەهۆی دۆخی دارایی و نەبوونی بودجەوە، ناتوانن هیچ بەڵێنێکیان پێبدەن.
گوندی کانی گەنی، دەکەوێتە سنووری کارگێڕیی قەزای بنەسڵاوە، یەکێکە لەو گوندانەی دانیشتووانەکەی داوای ئاوڕلێدانەوەی زیاتر و ئەنجامدانی پڕۆژەی رێگەسازی زیاتر دەکەن.
جوان رەفیق، قایمقامی قەزای بنەسڵاوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لەو دۆخەی ئێستادا هیچ پڕۆژەیەک جێبەجێ ناکرێ. ناتوانین هیچ بەڵێنێکی بێ ئەنجامیشیان پێبدەین. پرسەکە پەیوەندی بە بودجەوە هەیە. ئەگەر پارە و بودجە هەبێت پڕۆژەیان بۆ دەکرێ، بەڵام نەبێ، هیچ بەڵێنێکیان پێنادەم، چونکە دەبێتە خەڵەتاندن."
سەبارەت بەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا گوندەکە رێگەی قیری کەمە، قایمقامی بنەسڵاوە ئاماژەی بەوە کرد کە گوندەکە "تازەیە" و گوتی: "ئەو شوێنانەی جادە و شەقامیان نییە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە تازە دروستکراون و لەدوای بڕیاری پێدانی مۆڵەت بە زەوی سندووقی بەو جۆرە فراوان بووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جوان رەفیق باسی لە مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لە "زەوی سندووقی" لەو سنوورە کرد و رایگەیاند، هەر کەسێک پێشتر مامەڵەی پێشکێش کردبێت و مەرج و رێنماییەکان بیگرێتەوە، بە قۆناخ مامەڵەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەتوانن دەست بە کار بکەن، بەڵام "وەک وەرگرتنی فایلی نوێ بۆ زەوی سندووقی، نییە و نابێت".