بریکاری پێشووی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە هەولێر و دهۆک: حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی هێڵەکەی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق خۆپێشاندانیان لە دژى بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاکە کرد و بە گەندەڵى تۆمەتباریان کرد. بەشێک لە رەخنەکانیان ئاراستەى بریکارى کۆمپانیاکە بوو لە هەرێمى کوردستان. 
 
بریکارى پێشووى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق لە هەولێر و دهۆک راگەیاند: "هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، کە باسی گەندەڵی دەکرێ لە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە هەرێمی کوردستان و هاوکارى زۆرى کۆمپانیاکە کراوە."
 
ئەو فەرمانبەرانەى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق یەکشەممە، 19ـى نیسانى 2026، لەبەردەم باڵەخانەى کۆمپانیاکە لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد.
   
بەگوتەى بەشێک لە خۆپێشاندەران، قەبارەى بەفیڕۆدانى پارە لەو کۆمپانیایە گەیشتووەتە 172 ملیار دینار و لە کۆى 43 فڕۆکەى سەر بە کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق، تەنیا حەوتیان کاردەکەن.
  
یەکێک لە خۆپێشاندەران بە پەیامنێرى رووداوى گوت: "دوو بریکارى کۆمپانیاى هیڵى ئاسمانیى عێراق لە هەرێمى کوردستان هەن کە 500 هەزار دۆلار دەدەن و سیستمەکەیان بۆ دەکرێتەوە و ئەو کارە بە ئاسانکارى هەندێک لە فەرمانبەران و بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراق دەکەن".
 
ئیدریس ئامێدی، بریکاری پێشووی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، کە باسی گەندەڵی دەکرێ لە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە هەرێمی کوردستان و، حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار کراوە. بەپێچەوانەی هەموو تۆمەتەکانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێز کاک مەسرور بارزانی هاوکارییەکی زۆری هێڵی عێراقییەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەوەی پێویست بووە و ئێمە داوامان کردووە بە زیادەوە کردوویەتی".
 
ئیدریس ئامێدی گوتی: "ئێستا کەسێک بەناوی (م ، ح) بریکاری هێڵی عێراقییەیە، لە هەولێر و دهۆک و بەشێکی دیکەی عێراق کێشەیان دروستکردووە کە هیچ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە".