28ـی ئەم مانگە دیداری یەکێتی بەڕێوەدەچێت
رووداو هەولێر
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات باس لە وادەی بەستنی دیداری یەکێتی و گۆڕانکارییەکانی نێو ئەوحیزبە، هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، روونکردنەوەی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى؛ لەبارەی ناوەڕۆکى یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و دەستپێکردنی پێشانگەی کابسات کە گەورەترین پێشانگەی تەکنۆلۆژی راگەیاندنە لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست لە دوبەی کرا.
28ـی ئەم مانگە دیداری یەکێتی بەڕێوەدەچێت
ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیداری یەکێتی بەردەوامە و بە پێی زانیارییەکانی رووداو لە دیداری یەکێتیدا پێڕەوی نێوخۆیی حیزب هەموار دەکرێتەوە و سیستەمی هاوسەرۆکی هەڵدەوشێندرێتەوە و بافڵ تاڵەبانی بەفەرمی دەبێتە سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی لە نووسراوێکدا لە رێککەوتی 9ـی کانوونی یەکەمی 2021دا، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەت و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی راسپارد بۆ سازدانی دیداری یەکێتی لە پێناو دروستکردنی دید و سیاسەت و پرۆژەی یەکێتی.
عەبدولستار مەجید: یاسای هەڵبژاردن هۆکارە بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر12:00دا باسی لەوەکرد: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانین و هۆکاری کۆنەبوونەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەیە یاسای هەڵبژاردن هەموارنەکرێتەوە، هەرچەندە رێککەوتووین هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە سازان بێت. گوتیشی: "یاسای هەڵبژاردن یاسایەکی تەواو نییە و حەوت جار هەموارکراوەتەوە، بۆچوونێک هەیە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەڵبوەشێنینەوە و یاسایەکی نوێ بهێنرێت."
لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە عەبدولستار مەجید دەڵێت، زۆرینە و کەمینەی پەرلەمان دەرهاوێشتەی یاسای هەڵبژاردنە کە دەرفەتێکی زۆری داوە بە ساختەکاری، ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت، گۆڕانکاری دروستدەکرێت، ئەگەر یاساکە هەموار بکرێتەوە، پارتی ناتوانێت کورسییەکانی بهێنێتەوە، یاساکە ناتوانێت نوێنەری راستەقینەی خەڵک هەڵبژێردرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان هەروەها گوتی، هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق پڕبووە لە ساختەکاری. لەبارەی ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە باسی لەوە کرد، "نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداربوون لەو ساختەکارییەی لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە، وڵاتانی دیکەش بەشدارن لەساختەکارییەکانی هەڵبژاردندا."
لەبارەی بۆچوونیان لەسەر کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان عەبدولستار مەجید، دەڵێت: "پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ پێکهاتەکاندا هەیە و دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری خۆیان هەبێت." دەشڵێت، "هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین هەڵبژاردن بەم یاسایە ئەنجامنەدرێت."
مەسرور بارزانی لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆبووەوە
کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارەکانی گەرمیان و راپەڕین لەبارەی داهاتی سنووری سلێمانی مژارێکی دیکەی بوولتەنی کاژێر12:00بوو.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆبوونەوەکەدا پرسی داهات و کێشە داراییەکانی ئەو چوار یەکە ئیدارییە و چۆنێتی کۆکردنەوەی داهاتەکان تاوتوێدەکرێت و بەرپرسانی ئیداری راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو.
ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى؛ ناوەڕۆکى یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستان پێچەوانەى دەستورى عێراق نییە.
لە بوولتەنەکەدا یەکێکی دیکە لە مژارەکان وەڵامی ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى هەرێمی کوردستان بوو لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق تایبەت بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ دەستوورى عێراق، کە رایگەیاند: هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت و گاز پێچەوانەی دەستوور نین.
ئەو ئەنجومەنە ئاماژەى بەوەداوە کە بەگوێرەى مادەى 112ـى دەستوور حکومەتى فیدراڵیی عێراق لەگەڵ حکومەتى هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت ئیدارەى پرۆسەى نەوت و گاز دەکات لە کێڵگەکانى ئێستا و بەوپێیەش ئەو کێڵگە نەوتییانەى کە لەپاش ساڵى 2005 دۆزراونەتەوە لە هەرێمى کوردستان دەچنە چوارچێوەى دەسەڵاتى تایبەتی هەرێمى کوردستان، بەو پێیەى ئەو ماددەیەى دەستوور باس لەو کێڵگە نەوتیانە دەکات کە بەر لە ساڵى 2005 دۆزراونەتەوە.
کابسات، گەورەترین پێشانگای تەکنۆلۆژی راگەیاندن لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست
پێشانگەی تەکنۆلۆژی راگەیاندنی کابسات رۆژی سێشەممە لە شوێنی پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی دووبەی کاژێر 11 دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و زۆربەی هەرە زۆری کەناڵە سەرەکییەکانی راگەیاندن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشداری لەم پێشەنگایەدا دەکەن و چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 10 هەزار کەس لە کابسات بەشداری بکەن.
تیمی تۆڕی میدیایی رووداو وەکو هاوبەشێکی گرینگی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی بواری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لەو پێشانگایەدا بەشدارە.
هەژار برنجی، بەڕێوبەری بەشی تەکنیکی تۆڕی میدیایی رووداو لە دووبەی لە پێشانگەی تەکنۆلۆژی راگەیاندنی کابسات لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا بەشداربوو، باسی لە کۆنفراسەکە کرد و گوتی، بەهۆی کۆرۆناوە پەیوەندیی نێوان راگەیێندکاران و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری تەکنیکی راگەیاندن نەمابوو، پێشەنگەکە بەشێوەیەکی زۆر فراوان ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوبەری بەشی تەکنیکی تۆڕی میدیایی رووداو گوتیشی: ساڵانە وەک تیمی میدیایی رووداو لەو پێشەنگەیانەدا بەشداری کارا دەبین.
هەژار برنجی گوتیشی: سوودمان لە پێشکەوتووترینی سیستەم و تەکنەلۆژییەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بیخەینە خزمەت راگەیاندنی کوردییەوە.