ڤیدیۆ و وردەکاری؛ چیرۆکی ئەو شەڕەی سلێمانی کە تێیدا بە چەکوش لە سەری پیاوێک درا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی هۆکاری شەڕەکەی گەڕەکی سەرچنار ئاشکرا دەکات و دەڵێت، شۆفێری تاکسییەکە لەسەر کێشەی سەرنشینێکی هاتووەتە دەنگ و بە چەکوش لەو پیاوەی داوە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو شۆفێرە، سەرنشینێکی ئافرەتی پێبووە، کە ئەو ئافرەتە کێشەی لەگەڵ ئەو پیاوە هەبووە کە لێی دراوە، کێشەکەش ئەوە بووە کە سولفەیان کردووە و پیاوەکە 5000 دۆلاری لای ئەو ژنەکە بووە و لەو شوێنەدا داوای لێکردووەتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەو ژن و پیاوە بووەتە دەمەقاڵەیان لەسەر ئەو پارەیە، شۆفێری تاکسییەکەش لەسەر ژنەکە هاتووەتە دەنگ و بە چەکوشێک لە سەری ئەو پیاوەی داوە.
لەبارەی تەندروستیی بریندارەکەش، سەرکەوت ئەحمەد ئەوەی روونکردەوە، ئێستا تەندروستیی ئەو پیاوەی چەکوشەکەی لێدراوە، باشە و شەوی رابردوو نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
دوای ئەوەی رووداو ڤیدیۆکەی لە پەیج و هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و ملیۆنان بینەری هەبوو، پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی پیاوە چەکوش بەدەستەکەی راگەیاند و گوتی، "بەرەو ناحیەی عەربەت هەڵاتبوو."