دەم پارتی، دەڤا و سەعادەت پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ هەریەک لە پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیی تورکیا (دەڤا) و پارتی سەعادەت کۆبووەوە و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە و دوایین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان تاوتوێ کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 19ی ئایاری 2025 شاندێکی دەم پارتی، کە لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە و گوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی، بریکارانی سەرۆکی پارتەکە پێکهاتبوون، سەردانی پارتەکانی دەڤا و سەعادەتیان کرد.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە لەبارەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوە، باسی دوایین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کراوە.
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتەکانی سەعادەت و دەڤا، باسی پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری کراوە.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکشەممە، 19ی ئایاری 2025 لە هەژماری ئێکس رایگەیاند، باشترین بژاردە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەوەیە، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکان پێکبهێندرێت.
 
سەرۆکی مەهەپە هەروەها پێشنیازی بۆ نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە ناوی ''ستراتیژیی سەت ساڵەی تورکیای بێ تیرۆر؛ لیژنەی یەکدەنگی و یەکێتیی نەتەوەیی''.
 
دەم پارتی راشیگەیاند، هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، سبەی سێشەممە، 19ی مانگ لەگەڵ جەهەپە و سەرلەنوێ رەفاهـ کۆدەبنەوە، هەروەها رۆژی هەینی 23ی مانگ لەگەڵ پارتی ئاییندە کۆدەبنەوە.
 
دەم پارتی رایگەیاند، پلانیان هەیە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و پارتە سیاسییەکانی دیکەیش کۆببنەوە.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رۆژی یەکشەممە، 18ی ئەم مانگە، سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە. 
 
وەک شاندەکە دەڵێت، ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتوویەتی: ''نێوەڕۆکی پەیوەندیی تورک و کورد شتێکی جیاوازە. هەموو ئەو تەڵە و مینانەی بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندییە دانراون، لایاندەبەین. هەرچی پرد و رێگەی تێکشکاوی ئەو پەیوەندییە هەیە، نۆژەنی دەکەینەوە''.
 
1ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
 
12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.