ئاوی هەولێر: بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە شکێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی کارکردنی چەند هاووڵاتییەكی "نابەرپرس"ـەوە بۆ راکێشانی هێڵی کارەبا، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ شکاوە و چاککردنەوەی 24 کاژێری پێویستە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەهۆکاری کارکردنی چەند هاووڵاتییەكی نابەرپرس بۆ راکێشانی هێڵی کارەبا و هەڵکەندن بە حەفارە بۆ دانانی بناخەی ستوون بۆ راکێشانی کارەبا بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان و دیاریکردنی رێچکەی خزمەتگوزاری، لەکاتی کارکردنیان هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفرازیان شکاندووە".
پێش راگەیێندراوەکە، ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆریی پڕۆژەکە نزیک گوندی دارەبەن لە گەزنە شکاوە و چاککردنەوە و گەیاندنەوەی ئاو بۆ ئەو گەڕەکانەی لەسەر پڕۆژەکەن دەکەوێتە سبەی.
لە راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران دەکەن. راشیگەیاندووە: "ئێستا وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز3 وەستاوە. تیمەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی لە 24 کاژێری داهاتوودا بۆرییەکە چاك بکرێتەوە و ئاو بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتییان".
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەکات لەسەر پڕۆژەی ئاوی ئیفراز3ن، تاوەکو چاککردنەوەی بۆرییەکە هاوکارییان بن و ئاو بەفیڕۆ نەدەن.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.