بەرپرسێکی یەکێتی: یەک لیستی لە کەرکووک لە بەرژەوەندیی کورد نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک - سەلاحەدینی یەکێتی ئاشکرای دەکات، رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی "لەسەر بنەمای داتا و زانیاری بووە و خوێندنەوەی وردیان بۆ یاسای هەڵبژاردن کردووە." روونیشی کردەوە، "لە کەرکووک یەک لیستی لە بەرژەوەندیی کورد نییە، بەڵام ئەگەر سێ لیستی بەهێزمان هەبێت، دەتوانین نیوەی کورسییەکانی کەرکووک مسۆگەر بکەین."
 
دووشەممە 19-05-2025 عەلی قەڵایی، سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک - سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال،" بە رووداوی گوت، "زۆر باسی یەک لیستی دەکرێت، بەڵام مەرج نییە هەندێک جار یەک لیستی کورسیی زۆر بەدەستبهێنێت، ئەمجارە دەستپێشخەری بۆ یەک لیستی کورد یان یەک لیستیی پارتی و یەکێتی کرا، بەڵام لە رووی هونەری و تەکنیکییەوە، بۆ کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، یەک لیستی شیاو نییە."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن چەند جارێک کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام هەوڵەکە شکستیهێنا. لە نێوان پارتی و یەکێتیش هەوڵێکی هاوشێوە هەبوو، بەڵام یەکشەممە 18-05-2025 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، "ئەوەی لێی تێگەیشتووم، هەریەکە و بە لیستی خۆمان بەشدار دەبین و ئەوە لە بەرژەوەندیماندایە."
 
عەلی قەڵایی پێیوایە، بە لەبەرچاوگرتنی یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق و سیستمی سانت لیگۆ، بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکووک، یەک لیستی لە بەرژەوەندیی کورد نییە. گوتیشی، "یاساکە پێویستی بە لیستی مامناوەندە، ئەگەر یەک بازنە بووایە، یەک لیستی بۆ ناوچە کوردستانییەکان باش بوو، بەڵام ئەمجارە نا."
 
جەختیشی کردەوە، "بە یەک لیست ناتوانین نیوەی کورسییەکانی کەرکووک ببەینەوە، بەڵام ئەگەر سێ لیستی بەهێزمان هەبێت، بە رێککەوتن و هاوئاهەنگی، دەتوانین نیوەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک بەدەستبهێنین."
 
سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک - سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیکردەوە، "ئەگەر کورد یەک لیست بێت، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، ژمارەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک لە شەشەوە بۆ پێنج کورسی کەمدەکات، بەڵام ئەگەر فرە لیست بێت، چانسی کورسیی دیکە زیاترە."
 
لەبارەی رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش لە کەرکووک، عەلی قەڵایی رەتیدەکاتەوە خاڵی ناکۆکیان هەبێت، بەڵکو دەڵێت، "بڕیاری فرەلیستی بەهۆی ناکۆکیی پارتی و یەکێتی نەبووە، خۆمان رێککەوتین بە لەبەرچاوگرتنی تەکنیکەکانی یاسای نوێی هەڵبژاردن، فرە لیست بین، دەبێت بە وردی سەیری یاساکە بکەین، دوای ئەوە بڕیارەکەمان دراوە، کە بە وردی هەڵسەنگاندنمان بۆ یاساکە کردووە، لە کۆبوونەوەی بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی تێبینییەکان بە وردی قسەیان لەسەر کرابوو، لەسەر بنەمای زانیاری و وردەکارییە تەکنیکییەکان، ئەو بڕیارە دراوە، ئەگینا ناکۆک نین و یەک تێڕوانینمان هەیە."
 
لەگەڵ ئەوەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، دژی پێکهێنانی یەک لیستیی هەڵبژاردنە لە کەرکووک، بەڵام پێیوایە دەبێت فرە لیستیی لایەنە کوردییەکانی کەرکووک بە هاوئاهەنگی و رێککەوتن بێت، "بۆ نموونە ئەگەر پارتی بە لیستێک و یەکێتی بە لیستێک و لایەنەکانی دیکە بە لیستێک بەشدار بن، من گەرەنتیی ئەوە دەدەم کە کورد نیوەی کورسییەکانی کەرکووک دەبات، کە پەنجا کۆ یەک دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو رێککەوتنە نەبێت و بە هەڕەمەکی بچینە ناو هەڵبژاردنەکەوە، رەنگە زەرەر بکەین." بۆیە داوا لە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەکات "ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەیەنە پاڵ یەکێتی یان پارتیش، گرنگە لیستێکی هاوبەشیان هەبێت، بۆئەوەی نیوەی کورسییەکان مسۆگەر بکەین."
 
بە بڕوای سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک - سەلاحەدینی یەکێتی، بۆ نەینەواش یەک لیستی لە بەرژەوەندیی کورد نییە، بەڵام بۆ خانەقین و خورماتوو "گرنگە پارتی و یەکێتی رێککەون و هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی عەرەبیی بەهێز پێکبهێنن. دەتوانین بەربژێرەکانمان لەنێو ئەو لیستە عەرەبییانە سەربخەین."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11-11-2025 بەڕێوەبچێت و سبەی سێشەممە 20-05-2025 دوایین وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکانە، بۆ هەڵبژاردنەکە.