تاکسیی کارەبایی و هایبرید چۆن لۆگۆ وەردەگرن؟
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا تۆمارکردنی تاکسیی نوێ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، هاتووچۆی سلێمانی روونکردنەوە لەبارەی چۆنێتیی وەرگرتنی لۆگۆی تاکسیی کارەبایی و هایبرید دەدات و دەڵێت، "دوو رێگە هەیە."
رۆژی دووشەممە 19ی ئایاری 2025 عەمید ئاسۆ محەممەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو تاکسییە نوێیانەی هاوردە دەکرێن، جگە لەو مەرجانەی دەبێت شۆفێری تاکسی هەیبێت، هەر کەسێک بیەوێت کاری تاکسی بکات لۆگۆیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگاکە وەردەگرێت، هەموو تاکسییە کۆنەکان ئەم لۆگۆیەیان هەیە و پێویستە نوێیەکانیش هەیانبێت.
بە گوتەی عەمید ئاسۆ محەممەد، دوو رێگە هەن تاوەکو تاکسییە نوێیەکان لۆگۆ وەرگرن، "پێویستە شۆفێران لۆگۆ و ژمارەی تاکسییە کۆنەکە لێبکەنەوە و بیهێنن تاوەکو بیدەین لە تاکسییە نوێیەکە، تاوەکو بە هەمان لۆگۆ و ژمارەوە کار بکات، ئەو کات بۆ تاکسییە نوێیەکەش ئێمە ژمارەیەکی تایبەتیان بە دیاری پێدەدەین و دەتوانن بیکەن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت."
لەبارەی رێگەی دووەم، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی گوتی، "پێویستە شۆفێران لە سەرەتاوە هەموو رێکارەکان جێبەجێ بکەن، بەبێ ئەم لۆگۆیە ناتوانن کاری تاکسی بکەن."
رۆژی 28-04-2025، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنوێنیی ژمارە (3)ی ساڵی 2025ی تۆمارکردنی تاکسیی نوێ دەچێتە واری جێبەجێکردن."
بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەت، تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانەی ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنیان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنیا بە بەنزین کار دەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە گازی شل (LPG) کار دەکەن، هەروەها ئۆتۆمبێلی هایبرید و ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی (EV)، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرج و دۆستی ژینگە.
11 ساڵە تاکسی نوێ هاوردە نەکراوە
نێوەڕاستی مانگی نیسان، چەند هاونیشتمانییەک کە شۆفێری تاکسین پەیوەندییان بە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداوەوە کرد و گوتیان: "لە ساڵی 2014ـەوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی تاکسی هاوردە نەکراوە. ئۆتۆمبێلەکانمان کۆن و ماندوو بوون و پێویستیان بە گۆڕینە؛ داواکارین حکومەت رێگە بدات بە هاوردەکردنی تاکسی".
هەر لەو بەرنامەیەدا، ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، زیاتر لە دوو ساڵە داوایان کردووە تاکسی کارەبایی و هایبرید هاوردەبکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 هەزار تاکسی هەن.