وەزارەتی ئەوقاف: 28ـی ئایار جەژنی قوربان دیاری دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، 28ـی ئایار لەلایەن لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی جەژنی قوربان رادەگەیێنێت
رۆژی دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی رۆژی 29ـی زولقەعدەی مانگی عەرەبی لیژنەی شەرعی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاری دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، "ھەموو جیھان چاوەڕێی سعودیە دەکات بۆ دیاریکردنی ئەم رۆژە، چونکە رێوڕەسمەکانی حەج هەیە، کە 29ـی زولقەعدە بەرامبەر 28ـی ئایاری 2025ـە."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، 9 رۆژ دوای ئەوە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. "حاجیان لە رۆژی 9ـی زولحیجە واتا رۆژێک پێش جەژن لە کێوی عەرەفە دەوەستن، تاوەکو نوێژی مەغریب."
ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە مەککە بۆ ئەوەی ئەرکی حەج بەجێ بگەیێنن و بەشێکی زۆریشیان سەردانی مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینەی منەوەرە دەکەن.
هەموو رێکارەکانی حەج دەکەونە مانگی زولحیجەوە و چوار تاوەکو شەش رۆژ دەخایێنێت.
جەژنی قوربان هاوکاتە لەگەڵ قوربانیکردن لەلایەن حاجییانەوە کە بە دەستی خۆیان یان کەسێک بە نوێنەرایەتیی ئەوان، ئاژەڵێک سەردەبڕێت و گۆشتەکەی دەبەخشێتەوە.
قوربانییەکە وەکو لە قورئان دا باسکراوە، "بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەیامبەر ئیبراهیم کاتێک سەرەتا لە خەونێکدا، وەکو تاقیکردنەوەیەک، لەلایەن خوداوە داوای لێکرا ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی، بەڵام دوای ئەوەی ئامادەیی دەنوێنێت، بەرانێکی پێشکێش دەکات بۆ ئەوەی لە بری کوڕەکەی بیکاتە قوربانی."