ئەنتۆنیۆ تایانی بۆ نێچیرڤان بارزانی: بە بایەخەوە لە رۆڵی هەرێمی کوردستان دەڕوانین وەکو فاکتەری ئارامی
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانى هەرێمی کوردستان و عێراقى لەگەڵ ئیتاڵیا، له بواره جياكاندا تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ هاوكارى و پشتگيريى بەردەوامی ئيتاڵيا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان و پاراستنى سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کردەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەنتۆنیۆ تایانی "جەختی لە بەردەوامیی پشتگيريى ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە".
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی رايگهياند، "وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت وەک فاکتەرێکی ئارامی لە ناوچهكه، ههروهها ئامادەییی ئیتاڵیای نیشان دا بۆ فراوانکردنی هاريكاريى هاوبهش لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا". ئەمە بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
له تەوەرێکی ديكهى كۆبوونهوهكهدا، باس له دوایین پێشهاتەكانى رۆژههڵاتى نێوهڕاست و لێكهوتهكانى كرا و جهختيان لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنى ئاشتی و سهقامگيرى كردهوه.