فێستیڤاڵێکی سێ رۆژە بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمین جار لە قەزای سێمێلی پارێزگای دهۆک، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمەکانی شیرەمەنی سازدەکرێ. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بەرهەمی نێوخۆیی و باکووری کوردستانیشی تێدا نمایش دەکرێ.
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، دژوار شەوکەت، قایمقامی سێمێل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی فێستیڤاڵی بەرهەمەکانی شیرەمەنی لە قەزاکەمان دەست پێدەکات، بە بەشداریی خەڵکی دهۆک و دەوروبەری و هەندێک بەشداربووی باکووری کوردستانیش."
 
لەبارەی وردەکاریی فێستیڤاڵەکە، قایمقامی سێمێل ئاماژەی بەوە کرد کە 80 خێوەت ئامادەکراون و "نزیکەی 60 خێوەتیان تەنیا بۆ بەرهەمەکانی شیرەمەنی دەبێت، کە بەرهەمی کۆمپانیا نێوخۆییەکان و دەستڕەنگینیی خەڵک لە ماڵەوەن، وەک پەنیر، شیر، ژاژی و ماست."
 
جگە لە نمایشکردنی بەرهەمەکان، چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لە فێستیڤاڵەکەدا ئەنجام دەدرێن. دژوار شەوکەت گوتی، "سبەی هونەرمەندان عەبدولقەهار زاخۆیی، سەردار بەرۆژی و ساڵح کۆچەر بە چالاکیی هونەری بەشداری دەکەن."
 
فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە شەوی هەینی کۆتایی بە چالاکییەکانی بهێندرێ.