ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێی عێراق تاوتوێی نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ماوەی چوار مانگ، بڕیاریش لەسەر هەناردەکردنی یەک ملیۆن تۆن کبریت بۆ چین دەدات.
سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێی عێراق دووەم کۆبوونەوەی ئاسایی و یەکەم کۆبوونەوەی کاری خۆی دەکات، لە دوای ئەوەی متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت.
کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی کاری کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، کە دەست رووداو کەوتووە، لە 16 بڕگە پێکهاتووە.
یەکێک لە بڕگەکان تاوتوێکردنی هەناردەی ملیۆنێک تۆن لە ماددەی کبریتە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ چین، وەک بەشێک لە پابەندییە داراییەکانی بۆ دانەوەی قەرزی وەبەرهێنانی وێستگەکانی کۆمپانیای کبریت و میسان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی کارەبا دەکات لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کار و تۆرەس ئینێرجی لە هەولێر و سلێمانی واژۆ کراوە، بۆ ماوەی چوار مانگ کە لە 15یئایار بۆ 15ی ئەیلوول هەژمار دەکرێت، لەسەر شێوازی وەرگرتن و پاشان پارەدان.
ئەو هەنگاوەی حکومەتی فیدراڵی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وەرزی هاویندا، بەهۆی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی گاز لە ئێران و تەواونەبوونی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە کارەبای وڵاتانی کەنداو، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ نزیکەی 30 هەزار مێگاوات دابەزیوە، لەکاتێکدا پێویستییەکە زیاتر لە 50 هەزار مێگاواتە.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای دەستەی خۆراک و دەرمانە بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت بە مەبەستی دەنگدان لەسەری.
لە دوای متمانەدان بە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، یەکەم کۆبوونەوەى لە 16ى ئایار کرد.