پارتی و یەکێتی بەبێ دانوستاندن داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە پێنج مانگە، پارتی و یەکێتی، وەکو دوو سەرەکیترین پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەت و خاوەن دوو گەورەترین فراکسیۆنیش لە خولی شەشەمی پەرلەمان کۆنەبوونەتەوە، دوای تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردندا، پەرلەمان تەنیا یەک دانیشتنی کردووە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.
پارتی و یەکێتی دەڵێن، دەرگایان بۆ گفتوگۆ کراوەیە، بەڵام سەرەڕای بوونی نێوەندگیریش، تاوەکو ئێستا کاتێکیان بۆ گفتوگۆ دانەناوە.
سەرکردەیەکی پارتی: ئەگەر رێکنەکەوتین با هەڵبژاردن بکەینەوە
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستانە لە بەغدا. لەبارەی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ یەکێتی بە رووداوی گوت: " بەڕاستی ئەم دۆخە بەمجۆرە ناتەندوستە، دەبێ پەرلەمان کارابکرێتەوە و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێ."
ئەشواق جاف، داوای کۆبوونەوە و دانوستاندن دەکات و دەڵێت: "نازانم یەکێتی چاوەڕێی چی دەکات، ئەگەر نەگەشتینە رێککەوتن، با هەڵبژاردن دووبارە بکەینەوە."
دوایین کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی، لە 8ی کانوونی دووەمی 2026 بوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، پرسیاری مەترسییەکانی دوو ئیدارەیی لێکرا و گوتی: "نە پارتی و نە یەکێتی مافی ئەوەیان نییە باسی دوو ئیدارەیی بکەن، ئەمە بەرهەمی فیداکاری شەش ملیۆن کەسە، هیچ هێزێکی سیاسی مافی ئەوەی نییە داوای نەمانی قەوارەی هەرێم بکات، ئێمە نە لەگەڵ دوو ئیدارەیین و نە لە سیاسەتی یەکێتیدایە."
کاتێک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیار نەکراوە
دەرباز کۆسرەت گوتی: "ئێمە دەرگامان بۆ کۆبوونەوە کراوەیە، لە سەرەتاوە داوای هاوبەشیمان لە حکومەت کردووە، لەوانەیە جیاوازیمان هەبێت، بەڵام دەتوانین بە گفتوگۆ چارەسەریان بکەین."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، "نابێ ئێمە (یەکێتی) تەنیا بەشداربین لە حکومەت، بەڵکو داوای هاوبەشیمان کردووە و هەر کەس بەپێی قەبارەی خۆی پشکی خۆی وەربگرێت."
بۆ نێوەندگیریی لەنێوان یەکێتی و پارتی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدین بەهائەدین، دەستی بە هەوڵ کردووە و رۆژی 17ی ئایار، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و 18ی ئایاریش، لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبوونەوە.
دەرباز کۆسرەت لەبارەی دەستپێشخەرییەکەوە دەڵێ: "هەرکەس دەستپێشخەریی خێر بکات، ئێمە پێشوازیی لێدەکەین، مامۆستا سەلاحەدین هات بۆ لای یەکێتی، ئێمە بە هەموو خاڵەکانی رازی بووین."
دەرباز کۆسرەی پێیوایە ئەم دۆخەی ئێستای عێراق نوێیە و لایەنەکان ناچار دەکات کۆببنەوە. "تائێستا کات بۆ کۆبوونەوە دیار نەکراوە، ئێمە دەرگامان دانەخستووە و بروامان بەوە هەیە کە دەبێ کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی: "گەشبینم بە دەستپێشخەرییەکانی مامۆستا"
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "من گەشبینم ئەو دەستپێشخەرییەی مامۆستا کە ئاکام و ئەنجامێکی باشی لێبکەوێتەوە و هەرێمی کوردستان لەو دۆخە چەقبەستووەی تێیدایە رزگاری بێت، کە دۆخی چەقبەستوویی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
پێشنیازەکانی یەکگرتووی ئیسلامی چی بوون؟
رۆژی 17ی ئایار، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بافڵ تاڵەبانی، بڕگەی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەی قبووڵ کردووە و دەستبەجێ فەرمانی کردووە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی پارتی رابگیرێت.
سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "خشتەیەکی زەمەنیمان پێشکێش کردووە کە ماوەکەی مانگێکە؛ دەکرێت سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرێت، دواتر هەنگاو بنرێت بۆ خاڵەکانی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت."
لە دەستپێشخەرییەکەیدا یەکگرتوو داوای کردووە پەلە بکرێت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت. گوتەبێژی یەکگرتوو دەڵێت، هەریەک لە مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەیان کردووە.