کەشناسی: باران و خۆڵ دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان و کەشناسێک پێشبینی دەکەن، ئەمڕۆ لە زۆرینەی ناوچەکانی باشووری کوردستان باران بە رێژەی جیاواز ببارێ و لە چەند ناوچەیەک خۆڵبارین دەبێت.
رۆژی سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆ ئاسمان دەبێتە هەوری تەواو، لە بەشێک لە ناوچە جیاکانی سەنتەری پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان، ناوچە شاخاوی؛ نیمچە شاخاوی و دەشتەکان کاریگەری تاوەباران و چالاکبوونەوەی هەورە برووسکە دەبێت؛ هەندێک کات لێزمەبارانی کورتخایەن دەبارێ".
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خۆڵبارین لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای کەرکووک و ناوچە دەشتاییەکانی پارێزگای هەولێر دەبێت.
سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لە نێو شارەکان بە بڕی جیاواز باران دەبارێت، بە تایبەتی لە ناوچە سنووری و شاخاوییەکان".
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا پێشبینی دەکات لە سەنتەری شارەکان خێرای با زیاد بکات و ئاماژە بەوەدەکات: "لە کەرکووک هەورە برووسکە و ئەگەری بارانی کەم و مامناوەند هەیە، لە هەولێر دڵۆپە باران دەبارێ و هەورە بروسکە دەبێت، لە دهۆک پێشبینی دەکرێ بارانی زیاتر ببارێ، هەروەها لە سلێمانی ئەگەری بارانی مامناوەند و هەورە برووسکە هەیە؛ لە هەڵەبجەش چاوەڕوان دەکرێت باران و هەورە برووسکە بێت".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەری کەمێک باران لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە لەگەڵ بوونی هەورەبرووسکە لەسەر لووتکەی ناوچە شاخاوییەکان".
پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 27 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 30 پلەی سیلیزی
دهۆک: 26 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 29 پلەی سیلیزی
پیرمام: 24 پلەی سیلیزی
سۆران: 18 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 31 پلەی سیلیزی