گەردی.. لە كەمپی پەنابەرانەوە بۆ گەنجی ساڵی نیوزیلەند

 
رووداو- هەولێر

رێز گەردی لە كەمپێكی پەنابەران لە پاكستان لەدایك بووە، دایك و باوكی لە تاو كۆمەڵكوژی و سەركوتی حكومەتەكانی عێراق و توركیا رایانكردبووە ئێران و لەوێشەوە خۆیان گەیاندبووە پاكستان. 26 ساڵ دواتر كچەكەیان خەڵاتی گەنجی نوێی نیوزیلەندی بۆ ساڵی 2017 وەردەگرێ. بارودۆخی لەدایكبوون و قۆناغی سەرەتای ژیانی لە كەمپی پەنابەران ئەوی بۆ لای كاری پارێزەری و چالاكڤانی مافەكانی مرۆڤ و پەنابەران هانداوە.

پەڕینەوەیەكی سەیر بەرەو داهاتوویەكی نوێ

دایك و باوكی رێز لەناو لۆرییەكدا خۆیان شاردبووەوە و لە سنووری نێوان ئێران و پاكستان نزیك دەبوونەوە، دایكی كوڕە ساواكەی لە باوەش گرتبوو، باوكی كچەكەی توند بەخۆیەوە گرتبوو. لەو كاتەدا دەنگی هەناسەشیان لێ زیاد بوو. لەسەر سنوور سەربازێكی ئێرانی هاتە ناو لۆرییەكە، دایك و باوكەكە هەستیان كرد ئیدی هەموو شتێك تەواو، چونكە ئاشكرا بوون.

بەڵام سەربازەكە دابەزی و هاواری كرد "ئەمەیان هیچی تێدا نییە". ئەوكات رێز هێشتا لەدایك نەببوو، بەڵام وەك خۆی لە گوتارێكدا لە (TEDx) دەڵێ: "بڕیاری ئەو سەربازە كاریگەری لەسەر هەموو ژیانی من دانا". خێزانی گەردی لە ساڵی 1998 لە نیوزیلەند گیرسانەوە و مافی پەنابەری سیاسییان وەرگرت.

لە مەینەتییەوە بۆ هەوڵ و بەرەنگاربوونەوە

رێز هەفتەی رابردوو میوانی (رووداو) بوو، باسی كار و چالاكییەكانی خۆی كرد و گوتی: "ئەو هەلومەرجەی تێیدا لە دایكبووم وایكرد حەزم لە چالاكیی مرۆیی، مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەری بێ. من خۆم نادادپەروەریم ئەزموون كردووە و بە خۆم بینیومە كە چۆن مرۆڤ لە مافەكانی بێبەش دەكرێ، بۆیە بڕیارم دا كار و پیشەی خۆم تەرخان بكەم بۆ یارمەتیدانی ئەوانی دی، بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێ و دەستیان بە دادپەروەری رابگات".

رێز لە ساڵی 1991 لە كەمپی پەنابەرانی كوێتا لە پاكستان لەدایكبووە، پێشتر نەنك و دوو پووری لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە كوژرابوون. هەر ئەوەش دایك و باوكی رێزی گەیاندە ئەو بڕوایەی عێراق جێبهێڵن. ساڵانێك دواتر رێز بڕیاری دا لە وڵاتە نوێیەكەی لە بواری یاسادا بخوێنێ و بەرگری لە مافەكانی پەنابەران بكات.

لە ساڵی 2016، رێز بەكالۆریۆسی یاسای لە زانكۆی ئۆكلەند بەدەستهێنا كە بەرزترین زانكۆی نیوزیلەندە، سێ ساڵ دواتر ماستەری یاسای لە سكوڵی یاسای زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی وەرگرت و ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی بەڵگەیە لەسەر جینۆسایدی داعش لەدژی كوردە ئێزدییەكان.

پارێزەرە كوردەكە كارێكی زۆری لەگەڵ پەنابەرە گەنجەكان كردووە، ئەوەش یەكەمجار لە نیوزیلەند و پاشان لە وڵاتانی ئاسیایی سەر زەریای هێمن و دواجاریش لە كەمپەكانی پەنابەران لە ئۆگاندا. ئێستاش پرۆگرامێكی بەناوی رێكخراوی (تواناسازی) دامەزراندووە كە كار دەكات بۆ ئەوەی پەنابەران لە بواری خوێندنی باڵادا دەنگیان هەبێ.

رێز كە لە زۆر كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتەكاندا بەشدار بووە، لەبارەی چالاكییەكانی خۆی بە (رووداو)ی گوت، لە هەموو بۆنە فەرمییەكاندا "باسی چیرۆكی كورد و ئازاری ئەو مێژووە دەكەم كە چەشتوومانە. دوو بابەتی ئەكادیمیم لەبارەی جینۆسایدی كوردانەوە نووسیوە، فیلمێكی بەڵگەییم لەسەر كوردستان دروستكردووە كە لە 2013 لە تەلەڤزیۆنی نیشتمانیی نیوزیلەند بڵاوكرایەوە، هەروەها بەشدار بووم لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی گەنجانی كوردی نیوزیلەند".

ناوی رێز وەها رۆیشتووە كە یەكەم پارێزەری كورد بێ لە نیوزیلەند، بەڵام وەك خۆی دەڵێ: "من یەكەم ئافرەتی پارێزەری كوردم، پیاوێك هەیە پێش من لە نیوزیلەند یاسای خوێندووە و 10 بۆ 15 ساڵێك لە من بە تەمەنترە. بەپێی تۆمارەكانی زانكۆ، من یەكەم كوردم كە سكوڵی یاسای هارڤاردم خوێندبێ".

چالاكڤان و پارێزەرە كوردەكە لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار گەڕایەوە كوردستان، ئەو كات بۆ دیدەنی كەسوكاری ناچار بوو سەردانی باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستانیش بكات. ئەو گەشتە زۆر شتی لە رێزدا گۆڕی "چونكە پێش ئەو گەشتە زۆر هەوڵم دەدا خۆم لە ناسنامە كوردییەكەم بەدوور بگرم، بەڵام دوای بینینی كولتوور و مێژووی جوانی كورد و خزمە هاوتەمەنەكانی خۆم، هەستمكرد تاكە جیاوازیی من و ملیۆنان كەسی نیشتەجێی ناوچەكانی شەڕ ئەوەیە كە من بەختی ئەوەم هەبووە لە شوێنێكی ئارامدا بژیم".

ئەو هەستە بەرپرسیارێتییەكی لای رێز دروستكرد كە خۆی بەو جۆرە باسی دەكات "لە هەموو كات سوورتر بووم لەسەر ئەوەی كە گەڕانەوە بۆ رەگوڕیشەی خۆم وەك بەرپرسیارێتییەكی لێهاتووە، دوای ساڵانێكی زۆر بۆ یەكەمجار دەمویست باوەش بۆ كوردبوونی خۆم بكەمەوە".

چالاكڤانە كوردەكە ئەندامی پرۆگرامێكی مافەكانی مرۆڤی سكوڵی یاسای زانكۆی هارڤاردە، هەر لەو ئەو ئەندامێتییەشدا لەگەڵ دامەزراوەی ئازادی ئێزدی لە دهۆك كار دەكات. بۆ ئەوەی بەڵگە لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەكان لەلایەن داعشەوە كۆبكاتەوە، لەوانەش كوشتاری بە كۆمەڵ، رفاندن، ئەشكەنجە، توندوتیژی سێكسی و پێشێلكارییەكانی دیكەی مافەكانی مرۆڤ.

سەبارەت بەو بەڵگانە، رێز گوتی: "ئەو بەڵگانە بەكاردەهێنرێن بۆ ئەوەی بە هاوكاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی ئەوروپا، عێراق و هەرێمی كوردستان كەیسێك دروست بكەین و لە داهاتوودا تاوانباران (لەسەر ئەو بنەمایە) دادگایی بكرێن".