دادوەریی کرماشان: ساڵانە 500 هەزار دۆسیەی دادوەری دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادوەریی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار دۆسیەی دادوەری لە دادگەکانی ئەو پارێزگایەدا دەکرێنەوە؛ لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کرماشان کەمتر لە دوو ملیۆن کەسە، واتە ساڵانە هەر چوار کەس دۆسیەیەکیان بەردەکەوێت.
پەرویز تەوەسولیزادە، سەرۆکی گشتیی دادوەریی پارێزگای کرماشان، رۆژی یەکشەممە 18-06-2023 رایگەیاند، "ساڵانە هێندەی یەک لەسەر چواری دانیشتووانی پارێزگای کرماشان، لە دادگەکانی ئەم پارێزگایەدا دۆسیەی دادوەری دەکرێنەوە، ئەمەش نیشانی دەدات خەڵکێکی زۆری ئەم پارێزگایە سەرقاڵی دۆسیە یاسایی و تاوانکارانەکان دەبن."
بە گوتەی پەرویز تەوەسولیزادە، دۆسیەکان جیاوازن، لەوانە کوشتن، شەڕکردن، دزی، خواردنی ماڵی خەڵک، تاوانی گشتی، ناکۆکیی خێزانی و ناکۆکی لەسەر موڵک.
تەوەسولیزادە پێداگری لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی دۆسیەکان دەکات و دەڵێت، "لە جێگەی چاودێری بەسەر دۆسیەکاندا، دەبێت ناکۆکییەکان کۆنترۆڵ بکەین، بۆئەوەی ئەم هەموو دۆسیەیە لە دادگەکان نەکرێنەوە."