ئەنجوومەنی لاوانی کوردستان: کەمیی کرێی کار وایکردووە هاونیشتمانییان کۆچ بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، رەنج سەنگاوی و میوانەکانی لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" باسی رێگەکانی کۆچی یاساییان کرد.
 
جگە لە کۆچی نایاسایی، راهێنەرێک لە پەیمانگەیەکی ئەڵمانی باس لەوە دەکات گەنجان دەتوانن بۆ خوێندن سەردانی وڵاتانی ئەوروپا بکەن و هەر بەو مەبەستە تەنیا ئەمساڵ 26 خوێندکاریان ناردووەتە دەرەوەی وڵات.
 
هەوراز حەمید، راهێنەر لە پەیمانگەیەکی زمانی ئەڵمانی دەڵێت، "یەکەمین رێگە، بۆ ئەوانەی پۆلی 12یان تەواو کردووە، مافی هەیە هاوشێوەی پەیمانگە بخوێنێت، بەڵام بەشێوەیەکە کە چوار رۆژ کار دەکات و یەک رۆژ لە پەیمانگەیە و مووچەش وەردەگرێت."
 
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بۆئەوەی گەنجان ئاگاداری هەلی کار بن لە دەرەوەی وڵات، پێویستە وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان ئەو هەلی کارانە بڵاوبکەنەوە بۆئەوەی گەنجان فۆرمی کارکردن لە دەرەوەی وڵات پڕبکەنەوە.
 
عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای ‏‏سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەمریکا بەپێی داتاکانی وەزارەتی کار، سێ ملیۆن و 900 هەزار شۆفێریان پێویستە بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و پاس. لە ئەمریکا هێندە کار زۆرە، هەموو خەڵکی عێراق بخەیتە ئەوێوە شوێنی هەلی کاریان دەبێت، ئەمەش سەرەڕای وڵاتە گەورەکانی جیهان و ئەوروپا. پێویستە وەزارەتی کار لێرە لە ماڵپەڕەکەی ماڵپەڕی ئەو کۆمپانیا و کارگانە هەبێت کەوا هەلی کاریان هەیە."
 
لە ساڵی 2020 بۆ 2021 نزیکەی 27 هەزار گەنج کۆچیان کردووە و 36یان لە رێگەدا گیانیان لەدەستداوە، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 300 کەس بێسەروشوێنن.
 
بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەڵێت، "تەنیا سەرمایە شەخسییەکانی ئەو بەرپرسانەی کە بە ناشەرعی سەرمایەکانیان کۆکردووەتەوە، قووتی ماڵ و منداڵی هەموو تاکێکی ئەم وڵاتەیە؛ تەنیا سەرمایە شەخسییەکانیان هێندەی وڵاتی سویسرایە، دەتوانرێت کوردستان ببێتە دووبەیی دووەم."
 
بەگوێرەی داتایەک کە ئەنجوومەنی لاوانی ‏كوردستان کۆیکردووەتەوە، بەشێکی زۆر لەو گەنجانەی کۆچ دەکەن، خاوەن کارن، کێشەیان کەمیی کرێی کارەکەیە کە بەشی بژێوییان ناکات.
 
رێبین عەلی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی لاوانی ‏كوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "لە 2021ـەوە تاوەکو 2023 زیاتر لە 36 هەزار گەنج کۆچیان کردووە، کۆچکردنەکە لەناو شار نییە و بەتایبەتی لە قەزا و ناحیە و لادێکانە، لە رانیە و قەڵادزێ زۆرترین گەنج کۆچیان کردووە، نائومێدیی سیاسەتە."
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان و نزیکەی 1000 کۆچبەر لە دەریای نێوڕاست خنکاون و بێسەرشوێن بوون.