وردەکاریی ئاگرکەوتنەوە لە شارباژێڕ؛ 'دەخڵودانەکەمان هەمووی سووتاوە'


رووداو دیجیتاڵ 

دوو رۆژە ئاگر لە زنجیرە شاخەکانی شارباژێڕ لە باکووری سلێمانی بەربووە، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 500 دۆنم پووش و پەڵاش و رەز و باخی گوندنشینانی 14 گوندی سووتاندووە. 
 
یەکێک لە هۆکارەکانی زوو تەشەنەسەندنی ئەو ئاگرە وەک گوندنشینەکان دەڵێن، ئەو با بەهێزە بووە کە دوو رۆژە لەگەڵ ئاگرەکە هەڵیکردووە، بۆیە تاوەکو لایەک دەکوژێننەوە، ئاگر لەلایەکی دیکە بەرز دەبێتەوە. 
 
تەیب فەتاح، خەڵکی گوندی کەناروێیە بە رووداوی گوت: ناوچەی کەناروێ بەهۆی ئاگرەکەوە زۆربەی سووتاوە، دەخڵودانی کەس هیچی دەرنەچووە زۆربەی زۆری سووتاوە. 
 
میران کەریم، گوندنشینێکی دیکەی هەمان گوندە و گوتی: دارێکی زۆرمان سووتاوە، تەنانەت لەخوارەوەی گوند ژمارەیەک هۆڵی بەخێوکردنی ئاژەڵمان هەیە ئەوانیش سووتاون، بەس ئەوە باشبووە فریای ئاژەڵەکان کەوتووین، گوندەکانی دەوروبەریشمان وەکو ئەستێلک، گوێزەقوپاو، سێونگ و چواردەوری هەموویان سووتاون. 
 
ئەو جووتیارانە لە 50 دۆنم زەوی داچێنراو بە گەنم و جۆ و بەروبوومی کشتوکاڵی، تەنها سی پەڵە گەنمیان بۆ دەرچووە؛ ئێستا بە داس و مەڵەغان سەرقاڵی دوورینەوەی ئەو پەڵە گەنمانەن تاوەکو لە سووتان بیانپارێزن. 
 
جەلال محەممەد، خەڵکی گوندی کەناروێیە ئەویش لەبارەی زەوییەکانییەوە گوتی: "ئەمەی کە ماوەتەوە هەمووی لێرەیە، هاتووین لەترسی ئەوەی ئەمانەش نەسووتێن، هاتووین ئەو گەنمەی ماوە بیدوورینەوە، شەویش لێرە دەبین تاوەکو هەمووی نەجات بدەین، ئەگەر خوانەخواستە ئاگرێک دروست ببێتەوە نەسووتێت، چونکە تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە، بەهۆی باوە ئەگەری هەیە سەرهەڵبداتەوە." 
 
پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ دەڵێن، بەهۆی نەبوونی کەرەستەوە بە دەست و گەڵای دار ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.
 
کارزان نەسرەدین، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لق و پۆپی دارەکانمان بەکارهێناوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بۆ ئەوەی بتوانین ئاگرەکە بکوژێنینەوە، هەروەها ئامێرێکی هەوا هەڵدەریشمان هەیە کە وەکو مۆلیدەیەک وایە و ئیشکەی ئەوەیە کە فوو دەکات لە ئاگرەکە، بەڵام لە هەموو سنووری چوارتا و سیرێ و سیوەیل و زەلان تەنها یەک دانەمان هەیە کە ئەویش بەهیچ شێوەیەک بەشی ئەو هەموو ئاگرە ناکات." 
 
لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکە، بەگوتەی پۆلیسی دارستان، نزیکەی پێنج هەزار درەخت بە تەواوی سووتاون یان زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها هاونیشتیمانییەک و کارمەندێکی بەرگریی شارستانی برینداربوون.