دوای سێ مانگ لە قەدەخەکردنی، راوەماسی ئاسایی دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ مانگ لە قەدەخەکردنی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان، لە رۆژی شەممەوە ئاسایی دەبێتەوە.
فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "21ـی ئەم مانگە راوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە".
ساڵانە بەگوێرەی کەشوهەوا بڕیاری قەدەخەکردنی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان دەدرێت؛ ئەم ساڵ لە 20ـی ئادارەوە قەدەخە کراوە.
هۆکاری قەدەخەکردنی راوە ماسی ئەوەیە، لەو کاتەی قەدەخە رادەگەیێندرێت کاتی دانانی گەرایە.
لەگەڵ ئاساییبوونەوەی راوەماسی، بەگوێرەی رێنماییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە، راوکردن بە کارەبا، ژەهر و تەقەمەنی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
پار لە یەکی ئادارەوە تاوەکو 15ـی حوزەیران قەدەخەی راوەماسی بوو.