درۆنێک لە سنووری قەراج کەوتەخوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

درۆنێک لە گوندێکی ناحیەی قەراج سەر بە قەزای مەخموور لە پارێزگای نەینەوا کەوتەخوارەوە.
 
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، ئەمڕۆ کاتێک جووتیارێک دەچێتە سەر زەوییەکەی لە گوندی ئازی کەند لە سنووری ناحیەی قەراج، ئەو دۆرنە دەبینێت کە لە زەوییەکەدا کەوتووەتە خوارەوە.
 
بەگوتەی شێروان دووبەردانی، درۆنەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە و نەپێکراوە. 
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، تاوەکو ئێستا سەرچاوەکەی دیار نییە و هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنەکە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
 
رەشاد گەڵاڵی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 20ـی قەرەچووخ-ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، درۆنەکە لەنزیک رێگەی سەرەکیی نێوان مەخموور-قەراج بە دووریی 6 کلیۆمەتر لە سەنتەری مەخموور کەوتووە.
 
رەشاد گەڵاڵی گوتیشی، تاوەکو ئێستا درۆنەکە نەناسراوە، ئەمڕۆ هێزێکی فرقەی 14ـی سوپای عێراقی چوونەتە شوێنەکە و دۆرنەکەیان بردووە.