دوو باڵەکەی گۆڕان لەسەر سڕکردنی بزووتنەوەکەیان ناکۆکن
رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانی گردی زەرگەتە نووسراوێکیان ئاراستەی کۆمیسیۆن کردووە و داوای سڕکردنی بزووتنەوەی گۆڕان. گۆڕانی کوردساتیش دەڵێت: "ئەمە دووەم جاریانە ئەم داواکارییە دەکەن، جاری یەکەمیان لەلایەن کۆمیسیۆن رەتکرایەوە".
نووسراوێک دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کە لەلایەن یاسین حەمەعەلی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە)ەوە، لە 17ـی حوزەیران ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کراوە، تێیدا هاتووە: چالاکییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان سڕ بکرێن، چونکە دووجار ئاگادارکراونەتەوە بۆ بەستنی کۆنگرەی بزووتنەوەکە، بەڵام بەهۆی کێشە و ئاستەنگی ناوخۆیی بزووتنەوەکەوە لە هەردوو جارەکەدا کۆنگرە نەبەستراوە.
لە رێگەی نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سلێمانی، نووسراوەکە ئاراستەی کۆمیسیۆن کراوە، کە تێیدا هاتووە، بۆ خۆلادان لە کێشە و هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکە، داوا دەکەن بەپێی مادەی 31ـی بڕگەی یەکەمی یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015، چالاکیی سیاسیی حزبەکەیان سڕبکرێت، تاوەکو هۆکاری لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی دروست دەبێت بۆ بەستنی کۆنگرە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، رۆڤان سەروەت، رێپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (باڵی کوردسات) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم نووسراوە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییەو لێی ئاگادار نین، بەڵام کۆمیسیۆن مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئێمە هەیە، پێش دوایین کۆنفرانسیش کە 24ـی ئایار کرا، هەمان کەس نووسراوی بۆ کۆمیسیۆن کردبوو بۆ هەڵپەساردنی کارەکانی بزووتنەوەکە بۆ 6 مانگ، بەڵام داواکارییەکەی لەلایەن کۆمیسیۆن رەتکرایەوە، واتە ئەمە جاری یەکەمیان نییە."
رۆڤان سەروەت دەڵێت: "ئەوان دەیانەوێت ئەم بزووتنەوەیە نەکەوێتەوە سەر پێیەکانی خۆی و بەشداریی هەڵبژاردن نەکات، بەڵام ئەوان ناتوانن خاوەندارییەتی ئەم بزووتنەوەیە بکەن، بەڵکو لای ئێمە و رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بەوەکالەتە، چونکە لە دوایین کۆنفرانس، کە 860 ئەندام بەشدار بوون، زۆرینەیان لەگەڵ ئێمە بوون، زۆرینەش لای کێ بێت ئەو خاوەندارییەتی دەکات."
لەبارەی دوایین کۆنفرانس رۆڤان سەروەت گوتی، داوایان پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، تاوەکو دوایین کۆنفرانس هەژمار بکرێت، چونکە ئەوکات کۆمیسیۆنیش لە کۆنفرانسەکە ئامادەبوون. گوتیشی "ئەوان بڕیار دەدەن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین یاخود نا".
دواجار و دوای دوو کۆنفرانسی جیای دوو باڵی گۆڕان، 24ـی ئایاری 2025 لە شاری سلێمانی، کاژێر 08:00ـی بەیانی دەرگای چوونەژوورەوە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە، بەڵام بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو باڵەکە کۆنفرانسەکە دواخرا.
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە، لە گردەکە دەڵێن، بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.