لە کەرکووک 400 چەکی قەرەبووی مادەی 140 دابەش دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک 400 چەکی قەرەبووی مادەی 140 دابەش دەکرێن و بەرپرسی کەرکووکی لیژنەی مادەی 140 دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 41 هەزار خێزان قەرەبوو کراونەتەوە.
 
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی کەرکووکی لیژنەی مادەی 140 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 400 چەکی قەرەبوو گەڕاوەتەوە، 200یان چەکی خێزانی ئاوارەی کورد و 200ـی دیکەیان عەرەبی هاوردەن.
 
خێزانی کورد وەکو قەرەبوو 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردەش 20 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت.
 
کاکەڕەش سدیق ئاماژەی بەوە کرد، ئەمانە کۆمەڵێک ناون بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ بوون، هەندێکیان کۆن بوون، هەندێکیان کێشەیان هەبوو چەکیان بۆ نەدەکرا و هەندێکی دیکەیان دواکەوتبوون لەلایەن لیژنەی باڵای مادەی 140، تازە ناویان گەڕاوەتەوە و چەکی بانکیان بۆ دەکرێت.
 
بە گوتەی کاکەڕەش سدیق ئەمانە بە مەرج چەکیان بۆ دەکرێت، کە دەبێت خۆی سەردانی نووسینگە بکات، پێش ئەوەی چەکی بۆ بکرێت، لەگەڵ وێنەیەکی تۆماری بنەڕەتی 2025 "سورەت قەید"ـی 2025 و کارتی نیشتمانی.
 
بەرپرسی کەرکووکی لیژنەی مادەی 140 دەڵێت، ساڵی پار هەندێک کێشە هەبوو خاوەنەکانیان خۆیان نەدەهاتن، یان لە دەرەوەی وڵات بوون یان کێشەی خێزانیان هەبوو، بۆیە زیاتر لە 30 چەکیان گەڕاندەوە بۆ بەغدا لەبەر ئەوەی پووچەڵکرانەوە و نەیاندەتوانی بێن وەریبگرن، ئێستا ئەمە وەکو چارەسەرێک ئەو کەسە پێش ئەوەی چەکی بۆ بکرێت، دەبێت خۆی ئامادە بێت، نووسراوی پشتگیری دەکەن، کە بوونی هەیە تاوەکو چەکەکەی بۆ بکرێت.
 
سەبارەت بە ئاماری قەرەبووکردنەوەکان، بەرپرسی کەرکووکی لیژنەی مادەی 140 گوتی، جگە لەو 400 خێزانە، تاوەکو ئێستا زیاتر 41 هەزار خێزان قەرەبوو کراونەتەوە و زیاتر لە 9 هەزار ماون قەرەبوو بکرێنەوە.