كەمالی سەید قادر لێیدەدرێ و هێلكە باران دەكرێت

رووداو- هەولێر

كەمالی سەید قادر كە پێشتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم پاڵاوتبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ 19ی تەمموزی 2013،  لە لایەن ژمارەیەك هاووڵاتییەوە لە بەردەم قاوەخانەی مەچكۆ لە هەولێر لێیدەدرێ و هێلكە باران دەكرێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش دەڵێ "بەگوێرەی قسەی خەڵك سەرخۆش بووە".

پەیامنێرمان پێی راگەیاندین ئێستا كەمالی سەید قادر لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا لە ژێر چاودێری تەندروستی دایە، وەك لە وێنەكەش دیارە كە بڵاوبۆتەوە، لێی دراوە و خوێناوی بووە.
هاوكات عەبدولخاڵق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بە(رووداو)ی راگەیاند:" بەگوێرەی قسەی خەڵك سەرخۆش بووە ".

كەمالی سەید قادر دوێنێ بە (رووداو)ی راگەیاند" كە ئەمڕۆ هەینی 19ی تەمموزی 2013،  لەبەردەم قاوەخانەی مەچكۆی شاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی نارەزایی دژ بە درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی رێكدەخات"

كەمالی سەید قادر گوتی:"ئەوەی ئێمە دەیكەین كۆبوونەوەیەكی گشتییە و لەشوێنی گشتی ئەنجامی دەدەین، ئێمە خۆپێشاندان ناكەین، بۆیە پێویست بە مۆڵەت وەرگرتن ناكات، لە كۆبوونەوەكەشدا  گفتوگۆ لەسەر رووداوەكانی رۆژی 30ی حوزەیرانی 2013ی پەرلەمانی كوردستان و درێژكردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ 2 ساڵی دیكە دەكەین".