سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی فەرەنسا شەڕی داعش تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆدەبێتەوە و تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەش شەڕی داعش دەبێت.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-7-2023 سیباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە سەردانێک بگاتە هەولێر و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆببێتەوە.
وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی سێشەممە لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پرسەکانی تایبەت بە ناوچەکە و سەروەریی عێراق تاوتوێ دەکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چاوەڕوان دەکرێت فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی فەرەنسا باس لە شەڕی داعش بکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو رۆڵەی هێزەکانی پێشمەرگە و حکومەتی فەرەنسا لەو شەڕەدا گێڕاویانە و دەیگێڕن.
لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرەنسا لە شەڕی داعشدا هاوکارێکی گەورەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو و چەکی جۆراوجۆری پێشکێش کرد.
لیوا عوسمان گوتی، "لە سەرەتای شەڕی داعشەوە فەرەنسا پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی کردووە؛ فەرەنسا سەرەتا لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەکانییەوە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد. دواتریش چەک و کەرەستەی سەربازی پێشكێشی پێشمەرگە کرد."
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە یەکێک لەو چەکانە کرد کە فەرەنسا داویەتی بە هێزەکانی پێشمەرگە و گوتی، "دۆشکەی 20 ملیمی فەرەنسییان دایە پێشمەرگە کە بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلە گولـلە نەبڕەکانی داعش بەکاردەهێنرا و سوودی باشی هەبوو."
لیوا عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی راهێنانەوەش سەربازان و راوێژکارانی فەرەنسا هاوکاری زۆری هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و ئێستاش ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازیان لە هەرێمی کوردستانن و هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
پەیوەندییە بەرگرییەکانی هەولێر و پاریس
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و لە 2014ـەوە یەکێک بووە لە یارمەتیدەرە سەرەکییەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکە؛ بەڵام پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان پاریس و هەولێر مێژوویەکی کۆنتریان هەیە.
ئەو پەیوەندییانە دەگەڕێنەوە بۆ بەهاری ساڵی 1991 کاتێک کە سوپای بەعس هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان. ئەو کات فەرەنسا پێگەی بەهێزی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هێرشەکە بووەستێنێت و ئەنجامەکەشی دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنەکە بوو لە 5ـی نیسانی 1991 کە پەیوەست بوو بە دروستکردنی ناوچەی نەفڕین بۆ باشووری کوردستان و لەسەر بنەمای سنووری دەستنیشانکراوی ئەو بڕیارە، سنووری کارگێڕی ئەو هەرێمی کوردستانەی ئێستا دەیبینین، دروستبوو.
لە ئابی 2014، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، فەرەنسا 120 سەربازی ناردە هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق بکەن.
فەرەنسا هەر لەو مانگەدا، بڕیاری ناردنی چەک و تەقەمەنیی بۆ پێشمەرگە دا لەگەڵ 20 تۆن یارمەتیی مرۆیی.
لە کانوونی دووەمی 2015 فەرەنسا بۆ هەمان مەبەست، 40 سەربازی دیکەی ناردە هەولێر.
مانگێک دواتر، واتە لە شوباتی 2015، شاندێکی سەربازیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مستەفا سەید قادر، سەردانی پاریسیان کرد و لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری ئەوکاتی فەرەنسا کۆبوونەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دوو سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. لە ئەیلوولی 2014دا فرانسوا ئۆلاند هاتە هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاتێک چەکدارانی داعش هێرشەکانیان بۆسەر باشووری کوردستان چڕکردبووەوە. لە ئابی 2021یشدا ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەولێری کرد.
وەزیرانی بەرگریی فەرەنسا بە درێژایی شەڕی دژی داعش چەندین جار سەردانی هەولێریان کرد بۆ ئەوەی جەخت لە هاوکاریی وڵاتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان بکەنەوە لەوانەش، لە نیسانی 2016 ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری بەرگریی ئەو کاتی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە حوزەیرانی 2016، دووبارە چەک لە فەرەنساوە نێردرا بۆ هەرێمی کوردستان کە لە مووشەکی 89 ملیمی دژە تانک و هەزاران گولـلەی جۆراوجۆر، نارنجۆک و کامێرا و دووربینی شەوبین پێکهاتبوو.
کانوونی دووەمی 2017 ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی ئەو کات و فلۆرێنس پارلی، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی فەرەنسا سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات کۆبوونەوە.
لە ئابی 2020، جارێکی دیکە فلۆرێنس پارلی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
فەرەنسا ئێستاش ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی لە هەولێر هەیە کە هەمان کار دەکەن. هەروەها ئەو وڵاتە بەشدارە لە هەوڵەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.