هەڕەشەی لەنێوچوونی زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان هەیە و هەوڵی پاراستنی دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
زمانی سریانی هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەرە و قسەکەرانی روو لە کەمبوونەوەن. سەرۆکی بەشی زمانی سریانی لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، کۆچی دەرەوەی وڵات زیاتر بێت، هەڕەشە لەسەر ئەو زمانە زیاتر دەبێت.
کەوسەر نەجیب، سەرۆکی بەشی زمانی سریانی لە زانکۆی سەلاحەددین ئاماژە بەوە دەکات، "هەر کاتێک کۆچی دەرەوەی وڵات زیاتر بێت، هەڕەشەکان لەسەر ئەو زمانە زیاتر دەبن؛ دۆخمان رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت، رۆژ دوای رۆژ خێزانەکان زیاتر کۆچ دەکەن و عێراق جێدەهڵێن و دەچنە وڵاتانی دیکە و بە زمانی ئەو وڵاتانە قسەدەکەن و زمانی سریانی لە بیر دەکەن."
لە هەولێر، مۆزەخانەیەکی تایبەت بە کولتوور و شارستانی و داب و نەریتی تایبەت بە سرییانەکان هەیە؛ رێبەرێکی گەشتیاری روونکردنەوە و زانیاری دەداتە ئەوانەی سەردانی مۆزەخانەکە دەکەن.
سۆران عەبدولئەحەد، رێبەر لە مۆزەخانەی سریانی دەڵێت، "مۆزەخانەکە بە رێژەیەک پشتیوانییە بۆ زمانی سریانی، لە بۆنە و فێستیڤاڵەکاندا گرنگی بە زمان و شارستانی و کەلەپووری کۆنمان دەدەین."
زمانی سریانی مێژووەکەی بۆ نزیکەی 500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. سریانی زمانی ئارامییە، لەلایەن پێغەمبەر عیسا (د. خ) قسەی پێکراوە؛ دوای بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت ئەو زمانە زیاتر بڵاوبووەتەوە.
مەریەم نەریمان، خوێندکاری خوێندنی باڵا لە زمانی سریانی گوتی، "گرنگترین کار، پاراستنی ئەم دەستنووسانەیە، چونکە زۆر زۆر کۆنن، دەستنووسەکان تایبەتن بە بابەتی ئایینی و زیاتریش تایبەتە بە کەنیسە."
پێش ساڵی 2003 نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کریستیان لە عێراق هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەکەیان بۆ کەمتر لە 500 هەزار کەمبووەتەوە. بەشێکی زۆریان بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنییەوە عێراقیان بەرەو وڵاتانی دەرەوە جێهێشت و بەشێکیشان لە هەرێمی کوردستانن.