کۆمیسیۆنی عێراق داوای وادەیەکی نوێ بۆ کاتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و پێشنیاز دەکات، 18ـی شوباتی 2024 یان دوای ئەو رێکەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 18-07-2023 بە نووسراوی فەرمی وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوەتەوە و دەڵێت، "پێتان رادەگەیێنین کە کۆمیسیۆن بڕیاری ژمارە 9ی لە کۆنووسی ئاسایی 24 لە 18-07-2023 دەرکردووە کە تێیدا پێشنیاز دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18-02-2024، یان دوای ئەو رێکەوتە بەڕێوەبچێت."
کۆمیسیۆن داوای لێبووردنی کردووە کە ناتوانن لە یەک کاتدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. لەبارەی هۆکارەکەیشی دەڵێت، "بەهۆی تایبەتمەندیی هەردوو هەڵبژاردنەکە، ئەمە وێڕای هۆکاری دیکەی پەیوەست بە لایەنی تەکنیکی."
هەر لە نووسراوەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕیاری کۆمیسیۆن بەهۆی ئەوەیە کە دەیەوێت هەڵبژاردنێکی "سەرکەوتوو" بەڕێوەببات لە هەموو روویەکەوە کە رەچاوی پێوەری نێودەوڵەتی بکات بۆ گەرەنتی سەلامەتی و پاک و بێگەردی و کوالێتی هەڵبژاردنەکە، ئەمەش پێویستی بەوەیە کە مەرسوومێکی هەرێمیی دەربکرێت بۆ دیاریکردنی وادەیەکی پێویست بۆ هەڵبژاردن پێش دەستکردن بە خشتەی کاتی پرۆسەکە کە لە 01-08-2023 دەستپێدەکات، هەر دواکەوتنێک لە مەرسوومی هەرێمیی دا، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە درێژتر دەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەڵامی نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانمان داوەتەوە و ناتوانین لە یەک رۆژدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەین."
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستاوە کار بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەن و بنکەکان کراونەتەوە بۆ تۆمارکردنی داتای دەنگدەران.
بە گوتەی عیماد جەمیل، لە وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا داوای هەندێک شتی بنەڕەتییان کردووە کە بۆ هەڵبژاردن پێویستیانن، لەوانە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا بەدەستمان نەگەیشتووە و گرنگترین شتە بۆ هەڵبژاردن؛ هاوکات میکانیزمی هەڵبژاردنی فەرمانبەران؛ بودجەی پێویست و هەموو ئەوانەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە داوامان کردووە."
رۆژی 10ی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، ئەوە رۆژی 18ی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.
رۆژی هەینی رابردوو، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2024 وادەی کاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییدێت، "ئەگەر کۆمیسیۆن توانای ئەوەی نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، دەبێت چاوەڕێ بکرێت پەرلەمانی عێراق کۆمیسیۆنێکی دیکە هەڵبژێرێتەوە و ئەوەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات."