عەلی باپیر: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 8 بۆ 10 کورسیمان بەدەستهێنابوو
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنگرەی پێنجەم دەبەستێت. عەلی باپیر، سەرۆکی پارتەکە لەبارەی ستراتیژییان بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەڵێت: ''رەخنەشمان لە حکومەت دەبێت؛ بەرپرسیارین بەرامبەر وڵات. پێویستە دڵسۆز و پەرۆش بین بۆ خەڵک.''
ئەمڕۆ شەممە 19-07-2025، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە شاری هەولێر بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەستپێکرد. لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و و تێیدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک مژار.
لە بەشێکی قسەکانیدا عەلی باپیر باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و بە ''دیزاینکراو'' ناوی برد؛ گوتیشی، ''لە هەڵبژاردندا گوتیان سێ کورسیتان دەدەینێ، لە کاتێکدا کورسییەکانی ئێمە زۆر لەوە زیاتر بوون. ئەمە بە بەڵگە دەسەلمێنین.''
20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی بەدەستهێنا. بەگوتەی عەلی باپیر، پشکی راستەقینەی خۆیان لە کورسییەکانی پەرلەمان، 8 بۆ 10 کورسی بووە و رایگەیاند: ''مافمان خورا، بۆیە بایکۆتی پەرلەمانمان کرد.''
عەلی باپیر رایگەیاند: ''شانازی بە بایکۆتی پەرلەمانەوە دەکەین. هەرچەند خەڵک رەخنەیان لێگرتین، بەڵام لە ئەنجامدا قسەکەی ئێمە [لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن] راست دەرچوو.''
دوای چەندین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەت پێکنەهێندراوە. سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: ''پێویستە ئەوانەی دەڵێن براوەین، کۆبوونەوەی پەرلەمان رێکبخەن و دەست بە حکومەتداری بکەن. راستە ئێمە مافمان خورا، بەڵام خۆمان بەرامبەر خەڵک و وڵات بە بەرپرسیار دەزانین.''
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەزموونی بەشداربوون لە حکومەتی هەیە. عەلی باپیر گوتی: ''لەکاتی بەشداریکردن لە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنبوونیشمان، ئەزموونێکی سەرکەوتوومان هەبووە و نموونەیەکی جوانمان پیشانداوە.''
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان باسی لە شێوەی دەسەڵاتداری کرد و گوتی: ''نابێت سوور بین لەسەر بەرپرسیارێتی و وەرگرتنی دەسەڵات؛ هەروەها پێویستە زیاتر پەرە بە کاری پێکەوەیی بدرێت و هەوڵی لێکنزیککردنەوەی زیاتری خەڵک و سەرکردەکان بدرێت.''
عەلی باپیر ئاماژەی بە ستراتیژی و کاری لەپێشینەی چوار ساڵی داهاتووی کۆمەڵی دادگەری کرد و گوتی: ''دەبێ بەرامبەر خەڵک و وڵات بەرپرسیار بین، رەخنەمان لە شێوەی ئیدارەدانی حکومەت و گەندەڵیش هەبێت؛ بەرپرسیارین لە بەرامبەر وڵات، چونکە ئەو وڵاتە هی ئێمەشە و دەبێت دڵسوز و پەرۆشی خەڵک بین.''
عەلی باپیر باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت و گوتی، ''ئومێدم وایە ئەو هەڵبژاردنە بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێت و ساختەکاری تێدا نەبێت. ئێمەش بڕیارمان داوە بەشدار بین تێیدا.''
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئەو حیزبە کوردستانییە کە تاوەکو ئەمڕۆ چوار کۆنگرەی بەستووە، لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام رایگەیاندووە ناچێتە نێو پەرلەمان.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەش لە ئەمیرەوە کرایە سەرۆک.