ئێران: 32 هاووڵاتیمان لە رێوڕەسمی حەجدا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاند، لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج 32 هاووڵاتییان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاند، "کۆی گشتیی ئەو حاجییە ئێرانییانەی لە رێوڕەسمی حەجی 2025ـدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 32 کەس." دەشڵێت، هەموویان بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیل توانرا 20 نەخۆش لەگەڵ ئەو کەسانەی هاوکارییان دەکردن بگەڕێنینەوە بۆ ئێران."
بەگوێرەی داتای بڵاوکراوەی حەج و زیارەتی ئێران، ئەم ساڵ 86 هەزار و 700 هاووڵاتی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونەتە حەج.
پار زیاتر لە 1300 حاجی کە 22ـیان ئێرانی بوون، لە رێوڕەسمی حەجدا گیانیان لەدەستدا و پلەی گەرمیی ئەو کات گەیشتە 51.8 پلەی سیلیزی.
حەجی ئەم ساڵ لە 4ـی حوزەیران دەستیپێکرد و 9ـی حوزەیران دوایین رۆژ بوو، بەگوێرەی دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە، ژمارەی حاجییانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 637 هەزار و 230 کەس.