لە گەرمیانەوە تاوەکو دووکان زەنگی مەترسی لێدەدرێت؛ 'وشکەساڵیی وا قورس و خراپم نەبینیوە'

 
رووداو دیجیتاڵ

وشکەساڵی و کەمئاوی ماڵەکانی گوندی بنەکە خەپەکوێر-یان لە گەرمیان ناچار بە فرۆشتنی ئاژەڵ و کۆچکردن کردووە؛ بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە و ئاوی ئاژەڵەکانی مام خەڵەف لە گوندەکە هەموو رۆژ چەند جارێک زیاتر لە 6 کیلۆمەتر رێگە دەبڕێت، لە گوندە 25 ماڵییەکەیان لە سەرەتای هاوینەوە پێنج ماڵیان کۆچیان کردووە.
 
خەڵەف محەممەد، گوندنشین دەڵێت، "بەدەست بێ ئاوییەوە دۆخمان خراپە، ئیش و کار ناکەین و تەنیا کار بۆ ئەوە دەکەین لە تینواندا نەخنکێین."
 
وشکەساڵی و گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە تەنگی بووک و زاوا-ی لە دەریاچەی دووکان لە یەک ساڵدا وشک و بێ ئاو کردووە، ئەو جێگەی ببووە سەرنج و جێگەی دڵخۆشیی گەشتیار و خەڵک، ئێستا کەمبارانی لە زەوییەکی وشک و شەقبوو هیچی دیکەی بۆ نەهێشتووەتەوە.
 
هونەری مەلا مەجید، بەلەمەوان دەڵێت، "ساڵی رابردوو 12 بۆ 15 مەتر لە سەرووی ئێرەیش ئاو بوو، بەڵام ئێستا وشکبووە، بە شێوەیەکی گشتیش 20 مەتر کەمیکردووە، بە درێژییش 200 بۆ 300 مەتر کەمیکردووە."
 
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و زیاتر لە 50 ساڵە بەرهەمهێنی کارەبایە، توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا زیاتر لە سێ بەشی بەنداوەکە بێ ئاوە. بە گوتەی کۆچەر جەمال، ئێستا بەنداوەکە 23.5% ئاوی تێدایە.
 
سەروەر حەیدەر، بەلەمەوان ئاماژە بەوە دەکات، "جاران شوێنی پشوودانمان لە سەرەوە بوو، ئێستا 40 مەتر زیاتر بردوومانەتە خوار، بەهۆی کەمبوونی ئاو، دوو رۆژ نەیەین بۆلای بەلەمەکان سەیر دەکەین ئاوەکە کەم بووە."
 
هیوا هەورامی بیر هەڵکەنی دەستییە، کەمبارانی و وشکەساڵی ئیشەکەی قورس و ئەستەم کردووە، بە ئامێرە ساکارەکانی دەستی بۆ ئاوی ژێر زەوی دەگەڕێت، بەڵام بەراورد بە رابردوو کەمتر و قورستر دەتوانێت جێگەیەک بۆ هەڵکەندنی بیر دیاری بکات.
 
ئەو بیرهەڵکەنە تەمەن 49 ساڵە دەڵێت، "چوار وشکەساڵیم بینیوە، هیچیان وەکو ئەمەی ئەم ساڵ قورس و خراپ نەبووە."
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگەی سەرچاوەکانی جیهان، پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە هەرێمی کوردستان، بەرزترین گوشاری وشکەساڵییان لەسەرە، لە دەیەی داهاتوودا مەترسی و کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا زیاتر لێی دەردەکەون.