نازم دەباغ: دەبێت هەرێمی کوردستان رێککەوتنی ئاو لەگەڵ ئێران بکات

رووداو دیجیتاڵ
 
جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووی گرتەوە، قائیمقامی پشدەریش دەڵێت سەرەڕای گرتنەوەی ئاوەکە، بەڵام توانیویانە کێشەی کەمئاوی لە پشدەر چارەسەر بکەن.
 
بەكر بایز، قائیقمامی قەزای پشدەر بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند ‏سەرباری گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەلایەن ئێرانەوە، توانیویانە كێشەی كەمئاوی ‏قەزاكە چارەسەر بكەن ‌و گوتی: "لەو شوێنەی كە پڕۆژەی ئاوی خاس ‏لەسەر زێی بچووك دروستكراوە ‌و لە پێناو كۆكردنەوەی ئاو بەربەستمان ‏دروستكردووە ، بەوهۆیەشەوە ئاو كۆدەبێتەوە و پرۆژەكە بەبێ‌ گرفت كار ‏دەكات".‏
 
پرۆژەی ئاوی خاس لەسەر زێی بچووك لە سنووری پشدەر دروستكراوە، ‏ئەو پرۆژەیە ئاوی نزیكەی 15 هەزار هاوبەشی لەسەرە.‏
 
قائیمقامی پشدەر دەڵێت ئێستا  هەر هاوبەشێكی ئاوی ‏سنوورەكەیان رۆژانە 45 خولەك ئاوی پێدەدرێت. هەروەها دەڵێت: "بەو بەربەستانەی ‏لەسەر زێیەكە دروستمانكردووە چارەسەر كێشەی كەمئاویمان بە باشی ‏كردووە".‏
 
ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەتایبەت لە مانگی هەشتدا حكومەتی ئێران ئاوی ‏زێی بچووك دەگرێتەوە.‏‏ بەمەش کێشەی بێ ئاوی بۆ دانیشتووانی سەر زێیەکە بەتایبەتی پشدەر دروست دەبێت. هەروەها ژمارەیەکی زۆر ماسیی زێیەکە دەمرن.
 
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە ‏‏(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان ‌و زێی ‏بچووك  لەلایەن ئێرانەوە نە یەكەم جارە نە دواجاریش دەبێت. نازم دەباغ ‏دەڵێت "بۆ چارەسەر ریشەیی ئەم كێشەیە پێویستە حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان لە رێگای عێراقەوە رێككەوتن لەگەڵ ئێران بكات".
 
بە گوتەی نازم دەباغ  ‏ئێرانییەكان پێیانگوتووە ئەوان لەبارەی بەردانەوەی ئاو، ئامادەن ‏رەچاوی یاسا‌ و رێسا نێودەوڵەتییەكان بكەن: "بۆیە پێویستە رێككەوتنێك ‏لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ ئێران بكرێت". ‏
 
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران داوایەکی دیکەی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەیە و دەڵێت: "‏پێویستە هەرێمی كوردستان پەلە بكات لە دروستكردنی بەنداو، چونكە بەنداو رۆڵی گەورەی دەبێت ‏لە چارەسەكردنی كێشەكە".‏