مەسرور بارزانی: شوکر خەیات هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەند شوکر خەیات دەکات و دەڵێت، "خوالێخۆشبوو هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و رۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی گۆرانی و مەقامی رەسەنی کوردی هەبوو." 
 
رۆژی شەممە، 19ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی هونەرمەندی ناسراوی کوردستان شوکر خەیات کرد و گوتی، "بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند و مەقامبێژی ناسراوی کوردستان، شوکر محەمەد قادر ناسراو بە شوکر خەیات-م بیست."
 
مەسرور بارزانی لە وەسفی شوکر خەیاتدا دەڵێت، "خوالێخۆشبوو شوکر خەیات، هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و رۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی گۆرانی و مەقامی رەسەنی کوردی هەبوو" و دەڵێت، "پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و هونەرمەندانی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن و میهرەبان گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت." 
 
چەند رۆژێک بوو باری تەندروستیی هونەرمەند شوکر خەیات ناجێگیر بوو و لەژێر چاودێڕیی چڕدا بوو. ئێوارەی رۆژی هەینی، 18-08-2023، هونەرمەند شوکر خەیات لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد. 
 
شوکر خەیات لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لەدایکبووە، ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات دەناسرێت، تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی لە گوندەکەی ژیاوە، پاشان ماڵیان بۆ گەڕەكی شوریجەی كەركووك گواستراوەتەوە.
 
لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسرا، لە 1967 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە، لە 1969 بۆ یەکەمجار بە گوتنەوەی گۆرانی 'یار غەزاڵ و سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، هونەرمەندی کورد، ناوبانگی پەیداکرد و لەگەڵ نەی ژەن ئەحمەد داودە، گۆرانی و مەقامی تۆمارکردووە.
 
لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە، لەوانە مەقامی ئەڵڵاوەیسی، قەتار، ئای ئای، سێگا، چوارگا، نەهاوەند، عەجەم، حیجاز و سەبا و چەند جۆرێکی دیکە و خاوەنی زیاتر لە سەت بەرهەمە.
 
شوکر خەیات لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کەرکووک، ئاوارەی هەولێر بووە و لە بنەسڵاوەی هەولێر نیشتەجێ ببوو.