قه‌ده‌خەی خۆپیشاندان و چالاکی له‌ وان راگەیێندرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌ و خێوه‌ت هه‌ڵدانیان لە پارێزگەکەدا بۆ ماوەی دوو رۆژ راگەیاند. 
 
ئەوان هۆکاری قەدەخەکە بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێوخۆیی، رێگەگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە دروستبوونی تووندوتیژی گەڕاندەوە".    
 
پارێزگای وان لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە "لە پێناو یەکڕیزی گەل، یەکپارچەیی وڵات، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، رێگریکردن لە تاوان، پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە تووندوتیژیی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ‌ئەلیف و جیم لە 11مین مادەی یاسای ژمارە 5442ی بەڕێوەبردنی شارەکان و 17یەمین مادەی یاسای ژمارە 2911ی چالاکییەکان، کۆمەڵێک رێوشوێن گیراونەتەبەر".
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاژێر 00:00ی رۆژی 19ی ئابەوە تاوەکو کاژێر 23:59ی رۆژی 20ی ئابی 2023 بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێ دەدرێت، هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و چالاکییەک قەدەخەیە.