نرخی مریشک بەرزبووەوە؛ لە هەولێر کیلۆیەک بە 3200 دینارە

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە مانگی رابردوو، نرخی مریشکی زیندوو بەرزبووەتەوە. نرخی کیلۆیەک مریشک لە هەولێر 3 هەزار و 200 دینارە و لە سلێمانیش نزیکەی 3 هەزار دینارە.
 
رۆژی شەممە، 19ـی ئابی 2023، دڵدار هەژار، مریشکفرۆش لە گەڕەکی هەولێری نوێ لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی مریشک بەرزبووەتەوە و کیلۆیەک ئەمڕۆ بە 3 هەزار و 200 دینارە".
 
ئەو کاسبکارە گوتی، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک زۆرن؛ "بڵابوونەوەی نەخۆشی و هەبوونی خواست هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشکن."
 
دڵدار هەژار ئاماژەی بەوەکرد کە کێڵگەی پەلەوەری هەبووە لە هەولێر لە 16 هەزار جووجک 14 هەزاریان بەهۆی نەخۆشییەوە لەنێوچوون؛ گوتیشی، "بەرهەم کەم بوو و خواستیش زۆر، ئیدی نرخ بەرز دەبێتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ شەممە یوسف سەردار، مریشکفرۆش لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە کیلۆیەک مریشک بە 2 هەزار و 950 دینار دەدەین. نرخ بە گوێرەی کێڵگەکانە و شوێن هەیە لە سلێمانی لە ئێمە نرخی بەرزترە".
 
ئەو مریشکفرۆشەی سلێمانی وێڕای هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاماژەی بەوەکرد، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی زیندووە.
 
مانگی رابردوو کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە شاری هەولێر 2 هەزار و 300 دینار بوو؛ لە سلێمانی 2 هەزار و 400 دینار بوو. 
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی سپی، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە؛ کێڵگەکان بەمشێوەیەی خوارەوە دابەشبوون:
 
- هەولێر؛ 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی؛ 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک؛ 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە؛ 35 پەلەوەرخانە
- گەرمیان؛ 158 پەلەوەرخانە