کەشناسیی هەرێمی کوردستان: نزمترین پلەی گەرما 22 پلە و بەرزترین 48 پلەی سیلزییە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران و پێنجوێن تۆمار کراوە کە 22 پلەی سیلیزی بووە و پێشبنیش دەکەن بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان بێت بە 48 پلەی سیلیزی. کەشناسێکیش دەڵێت، لە 26ـی مانگەوە شەوان هەست بە فێنکی دەکرێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئابی 2023، رایگەیاند، پلەی گەرمای ئەمڕۆ هاوشێوەی دوێنێ دەبێت. لەبارەی سبەی شەممەشەوە گوتی، "پلەی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ".
هەر ئەمڕۆ شەممە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی خێرایی با 24 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا چالاک دەبێت و پلەی گەرماش جێگیر دەبێت.
لە دوێنێ هەینییەوە خێرایی با زۆرینەی ناوچەکانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، بەتایبەت کەرکووک و بەشێکی هەولێر. محەممەد کەمال دەڵێت، خێرایی با تاوەکو 27ـی ئاب بە خێرایی جیاواز بەردەوام دەبێت، بەتایبەت کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەکو رۆژئاوابوون کاریگەریی زیاتر دەبێت و تەپوتۆزیشی لەگەڵ دەبێت.
ئەو کەشناسە گوتیشی، رۆژانی 22 و 23ـی ئاب پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ نزیکەی سێ پلە بەرز دەبێتەوە و دواتر بە قۆناخ دادەبەزێتەوە. گوتیشی، "لە 26ـی ئابەوە دابەزینی پلەی گەرما بە تەواوی هەستی پێدەکرێت و بەتایبەت شەوان هەست بە فێنکی دەکرێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما لە پێنجوێن و حاجی ئۆمەران تۆمارکراوە کە 22 پلەی سیلیزی بووە؛ بازیان و ئامێدی 25 پلەی سیلیزی و لە بارزانیش 27 پلەی سیلیزیی بووە و وەکو فێنکترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نزمترین پلەی گەرمایان تێدا تۆمارکراوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە، 20ـی ئاب لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 44 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 42 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 43 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 46 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 44 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 44 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 42 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 32 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 48 پلەی سیلیزی