عێراق بە مەرج بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەمەرج بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ی هەرێمی کوردستان دراوە.
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا رۆژی سێشەممە، 19ـی ئاب لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی، بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە، رێکارەکان بۆ ناردنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
هەڵکەوت عەزیز لەنێو کۆبوونەوەکەوە زانیاریی دەستکەوتووە و دەڵێت: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی راسپاردووە رێکارەکانی خەرجکردنی پارە دەستپێبکات، بەو پێیە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەکە دەگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی."
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چوار کاژێری خایاند.
مەرجەکانی بەغدا بۆ ناردنی مووچە چین؟
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا گوتی: "لەنێو کۆبوونەوەکە بڕیار دراوە، دەبێ هەرێمی کوردستان 120 ملیار داهاتی نانەوتی رەوانەی عێراق بکات."
بە گوتەی هەڵکەوت عەزیز یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی بەغدا ئەوەیە کە "ئەو لیژنانەی بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتی نانەوتی پێکهێنراون، دەبێ کارەکانیان تەواو بکەن."
مەرجێکی دیکەش ئەوەیە "کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکەیان بن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و داوای رێککەوتنی نوێ نەکەن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ."