کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا: بە پەرۆشەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی واشنتن و هەولێر دەڕوانم
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە دوو ساڵی داهاتووی ژیانی دیپلۆماسییەتی لە هەرێمی کوردستان. ئاماژەش بەوە دەکات، تەواوبوونی باڵەخانە نوێیەکەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر نزیکە.
رۆژی سێشەممە 19ی ئابی 2025 وێندی گرین، کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەستبەکاربوون و ئامانجەکانی خۆی لە پۆستە نویێەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
ویندی گرین لەبارەی خۆیەوە دەڵێت، "خۆم لە بنەڕەتدا خەڵکی ویلایەتی تەکساسم، بەڵام لە چەندین شوێنی جیاجیای جیهان گەورە بووم و ئێستاش ماڵ و مەزرا و ئاژەڵەکانم لە باکووری ویلایەتی ئارکەنسان. بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانمە سەردانکردنی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بینینی خەڵکەکەی و ئاشنابوون بە مێژووە دەوڵەمەندەکەتان."
کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر باس لە ژیانی دیپلۆماسیی خۆی دەکات و دەڵێت، لە ماوەی پیشەی دیپلۆماسیدا کە نزیکە لە 25 ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەی دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە لە چەندین شوێنی جیهان بژین.
گرین دەڵێت، "شانازی دەکەم بە کارەکانم لە بواری ئاسایش و بنیاتنانی ئاشتی لەو ژینگانەی شەڕیان تێدا بووە یان لە دوای شەڕەوە دروستبوون. هەروەها شانازی دەکەم بە کارکردنم لە بواری بازرگانی و دروستکردنی پردی پێوەندی و متمانە لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو هێنانی کایەی خۆشگوزەرانی بۆ هەردوو وڵات و بەکارهێنانی شێوازی داهێنەرانە بۆ باشترکردنی رۆڵی کۆمەڵگەکانمان."