(کۆڕبەندی زانستیی هۆژان) پردێک لەنێوان زانستڤانانی دیاسپۆرا دروست دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم مانگە (کۆڕبەندی زانستیی هۆژان) بەڕێوەدەچێت و تێیدا ژمارەیەک شارەزا و زانستڤانی کورد بەشدار دەبن. یەکێک لە ئامانجی کۆڕبەندەکە دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لەنێوان پسپۆڕانی کوردی دیاسپۆرا.
 
د. ئاسۆ رەحیم زادەگان، توێژەری فیزیکیی رووناکی رۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2025 میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و لەبارەی کۆڕبەندەکەوە قسەی کرد.
 
ئەو توێژەری فیزیکیی رووناکییە گوتی، کۆڕبەندەکە دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان، دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لە نێوان شارەزایان و زانستڤانانی کوردی دیاسپۆرا و دووەمیان، گەیاندنی بابەتە زانستییەکانە بە زمانێکی سادە بۆ کۆمەڵگە.
 
د. ئاسۆ رەحیم لەبارەی ئەمانجی یەکەمەوە ئاماژەی بەوە کرد، ''لە نێوان زانستڤانانی کوردی دیاسپۆڕا بۆشاییەکی گەورە هەیە و پێویستە ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا کاری باشتر بکەن. تاوەکو ئەو پردی پەیوەندییە دروست نەکرێت، ئەمە بەدی نایەت.''
 
لەبارەی ئامانجی دووەم، توێژەرەکە گوتی، ''پێویستە هەموو کۆمەڵگەیەک لە بابەتی دەستگەیشتن بە زانست سوودمەند بێ. بەڵام هەموو زمانەکان لە یەک ئاستدا نین تاوەکو کۆمەڵگەکان بتوانن سوودمەند بن. بۆ نموونە، زۆر کەس دەتوانن لە رێگەی زمانی ئینگلیزییەوە دەستیان بە بابەتە زانستییەکان بگات. بەڵام کە دێینە سەر زمانی کوردی بۆشاییەکی گەورە دەبینین، ئامانجی ئێمە پڕکردنەوەی  ئەو بۆشاییەیە.''
 
وەک د. ئاسۆ رەحیم دەڵێت، ''لە کۆڕبەندەکەدا کۆمەڵێک توێژەر و پسپۆڕی بواری زانستیمان کۆکردوونەتەوە کە ئەوان لە دوایین پێشهات و دەستکەوتە زانستییەکان ئاگادارن. دەمانەوێ ئەو شارەزایانە زانست بە زمانێکی سادە بگوازنەوە بۆ نێو کۆمەڵگە.''
 
هۆژان رێکخراوێکی زانستییە و ساڵی 2013 لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە، ئامانجی رێکخراوەکە گەیاندنی بابەتە زانستییەکانە بە زمانێکی سادە بۆ کۆمەڵگە و لەو کاتەوە چالاکی لە بواری زانستیدا کردووە.