هەرێمی کوردستان گەشتی ئاسمانی بۆ عومرە راگرت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر نەگەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی بە هێڵی ئاسمانی چوونە سعودیە، تاوەکو کاتێکی نادیار گەشتی ئاسمانیی بۆ عومرە رادەگیرێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکەیان وەکو هەڵوێستێکە دژی پاساوەکانی هێڵەکانی فڕۆکەوانی بۆ دواکەوتنی گەڕانەوەی ئەو کەسانەی بە گەشتی ئاسمانیی چوونەتە عومرە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تاوەكو عومرهكارانی كوردستان له سعودیه به فڕۆكه نهگهڕێنهوه، هیچ گەشتێكی ئاسمانیی بۆ عومرە له كوردستان بۆ سعودیە ناکرێت".
بە گوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە رێگە بە گەشتی ئاسمانی دەدرێتەوە، کە ئەوانەی لە سعودیەن بگەڕێنەوە و دڵنیایی تهواو بدرێت، كه ئهو هاووڵاتییانەی دهبردرێن بۆ عومره له وادهی دیاریكراوی خۆیاندا دهگهرێندڕێنهوه بۆ ههرێمی كوردستان.
بهرێوهبهرایهتییەکە داوا لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان دەکات، هیچ گهشتێكی عومره به رێگهی ئاسمانی رێكنهخهن تاوهكو ئاگاداریان دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە داوای لە بریكارهكانی هێڵی فڕۆكهوانی عێراقی دەکات، هەوڵبدەن "به زووترین كات عومرەكارانی كوردستان له سعودیه بگهڕێننەوە، بەپێچهوانەوە رووبهڕووی لێپێچینهوهی یاسایی دهبنهوە".
زیاتر لە هەفتەیەک نزیکەی دوو هەزار هاونیشتمانی، کە بە فڕۆکە گەشتی سعودیەیان کردووە بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، لەبارەی هۆکارەیەکەوە حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "پاساوی جیا هەن، گهشتهكانی عومره به هێڵی فڕۆكهوانی عێراقی کەموکورتی و ناڕێكیان تێكهوتووه. بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ چارهكردنی گرفتەکان".