تیمێکی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە شوێنەوارێکی ئاشوورییەکان سەردانی مووسڵ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تیمێکی شوێنەواری لە زانکۆی هێلدلبێرگی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، بەهاری داهاتوو سەردانی عێراق دەکەنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە کۆشکەکانی ئاشوور بانیپاڵ لە پارێزگای نەینەوا.
پرۆفیسۆر ئارۆن شمیت، توێژەر لە پەیمانگای شوێنەواری مێژووی کۆن، مێژووی سەرەتایی و مێژووی رۆژهەڵاتی نزیک، کە سەرپەرشتیی تیمەکە دەکات لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەهاری داهاتوو سەردانی "کۆشکی باکوور" لە پارێزگای نەینەوا دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە "ژووری شا" ئاشوور بانیپاڵ لەو کۆشکەدا.
2700 ساڵ پێش ئێستا، نەینەوا پایتەختی ئاشوورییەکان بوو. ئایاری ئەم ساڵ، توێژەرانی زانکۆی هێلدلبێرگی ئەڵمانی لە یەکێک لە کۆشکەکانی شا ئاشوور بانیپاڵ-دا نەخشێکی سەر بەردی ئەو شایەیان دۆزییەوە. تیمە ئەڵمانییەکە بەهۆی جیاوازیی نەخشەکەوە دۆزینەوەکەیان زۆر بە گرنگ دانابوو.
ئاشوور بانیپاڵ دوایین شای ئاشوورییەکان بوو لە ساڵانی 668-627 پێش زایین حوکمی کردووە. نەخشەکەش لە کۆشکی باکووری پاشاکەدا دۆزرابووەوە کە کەوتووەتە پارێزگای نەینەوا.
لەسەر نەخشەکەدا شا ئاشوور بانیپاڵ، "دوو خواوەند" و ژمارەیەک ئاماژەی دیکە دەرکەوتبوون. بە گوێرەی توێژەران، نەخشە بەردینەکە 5.5 مەتر درێژ، سێ مەتر بەرز و کێشیشی نزیکەی 12 تۆن بوو.
پرۆفیسۆر ئارۆن شمیت گوتیشی، "نەخشەکە لە عێراق دەمێنێتەوە و لە مۆزەخانەی شوێنەواری موسڵ دادەندرێت. ساڵی داهاتووش، وردەکاری زیاتری لەبارەوە بڵاودەکەینەوە."
بە گوێرەی نەخشە بەردینەکە، ئاشووربانیپاڵ سەنتەری باوەڕبووە لەو کاتەدا و "خواوەندێکیش" لە هەریەک لەلاکانییەوە هەبووە؛ یەکێکیان خواوەندی ئاشوور و ئەوەی دیکەش خواوەندی مێینەی نەینەوا بەناوی ئیشتار.
توێژەرەکان دەڵێن، نەخشە بەردینەکە لە بەرامبەر دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆشکەکەدا دانرابوو کە شمیت بە گرنگترین شوێنی کۆشکەکەی داناوە. هەروەها، ئەو نەخشە چەند پارچەیەکی لێبووەتەوە و پێدەچێت لە دووەم یان سێیەم سەدەی پێش زایندا ژێرخاک کرابێت. شمیت گوتیشی، ئەو هۆکارە بووە زیاتر لە سەد ساڵ پێش ئێستا، شوێنەوارناسە بەریتانییەکان نەتوانن بیدۆزنەوە.
توێژینەوە و کارەکانی ئەو تیمە ئەڵمانییە لەلایەن ئەنجوومەنی ئەڵمانی بۆ توێژینەوە و حکومەتی ویلایەتی بادن ڤەرتمبێرگەوە پارەدار دەکرێن.
لە کۆتاییەکانی سەدەی 19یەمدا، توێژەرە بەریتانییەکان دەستیان بە گەڕان بەنێو کۆشکی باکووردا کرد و چەند نەخشێکی گەورەیان لەوێ دۆزیەوە و بردنیاننەوە مۆزەخانەی لەندەن.
نەینەوا بە یەکێک لە گرنگترین شارەکانی باکووری میزۆپۆتامیا (عێراقی ئێستا) دادەنرێت کە پایتەختی ئاشوورییەکان بوو. کۆشکەکە دەکەوێت بەشی چەپی رووباری دیجلە.