شارەوانیی سلێمانی: سەگێکی بێلانە رادەست بکەن و 3,000 دینار وەربگرن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سبەیەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چڕتر دەکەنەوە، هەرکەسێک سەگ بباتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان سەگێک سێ هەزار دینار پاداشت وەردەگرێت. داواش دەکات، ئەو سەگانەی بەچکەیان هەیە بەچکەکەیان لەگەڵدا ببرێت.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکات، کە هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دەکات".
سامان ساڵح، لێپرسراوی شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرکەسێک سەگ بهێنێت بۆ شێڵتەر وێڕای سوپاسکردن، شارەوانیش بە بڕێك پارە پاداشتی دەکات".
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت: "کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شێڵتەرەکە چڕتر دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لەلایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە".
شارەوانی مەرجی هەیە بۆ گرتنی سەگەکان و دەڵێت: "مەرجەکانی گرتنی سەگەکان بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت، هەروەها لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شێڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت و ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی دوو هەزار دینار پاداشت دەکرێت".
هەر کەسێک بیەوێت سەگ بگرێت و نەیباتە شێڵتەر، دەتوانێت لە شوێنێک کۆی بکاتەوە و تیمەکانی شارەوانی ئاگادار بکاتەوە، ئەوکاتە بۆ هەر سەگێک دوو هەزار دینار پاداشت دەکرێت.
لێپرسراوی شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکانی سلێمانی گوتی: "کێشە ژمارەی سەگەکان نییە و هەرچەند هەبێت و خەڵک بیهێنێت لێی وەردەگیرێت".
شارەوانی سلێمانی داوا لە ئاژەڵدۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان دەکات پشتیوان و هاوکاریان بن لە هەڵمەتەکە.