ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر دژی تێکدانی پردێک گردبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر دەیەوێت بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو لە وەرزی بارانباریندا، پردێکی خۆڵین لە گەڕەکی فەرمانبەران تێکبدات. دانیشتووانی گەڕەکەکەش دەڵێن، ''شوێنمان نییە هاتووچۆی پێدا بکەین و رێگە نادەین تێکبدرێت.''
ئەمڕۆ هەینی 19-09-2025، ژمارەیەک لە دانیشتووانی کەرتەکانی هەشت هەزاری و نۆ هەزاریی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر گردبوونەوە و داوایان لە حکومەت کرد، پردێکی خۆڵین تێکنەدات، کە خۆیان دروستیان کردووە و هاتووچۆی گەڕەکەکەیانی بەسەرەوەیە.
پردەکە لەسەر رێڕەوێکی ئاوە و کەرتەکانی هەشت هەزاری و نۆ هەزاریی فەرمانبەران پێکەوە دەبەستێتەوە. شارەوانیی هەولێر وەک ئامادەکارییەک بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو لە وەرزی بارانباریندا، هەندێک ئامێری بردووەتە فەرمانبەران، بۆ ئەوەی پردە خۆڵینەکە تێکبدات، بەڵام خەڵک ناڕازین و تاوەکو ئێستا رێگریان لە تێکدانی کردووە.
هاونیشتمانییەکی ناڕازی بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''ئێمە خۆمان بە شێوەی کاتی ئەم پردەمان دروست کردووە، ماڵ بە ماڵ پارەمان کۆکردووەتەوە، ئێستا شارەوانی هاتووە و لێمان تێکدەدات.''
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، تائێستا چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی حکومی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە پردێکی کۆنکرێتییان لەبری ئەو پردە خۆڵینە بۆ دروست بکەن، ''بەڵام بەڵینمان پێدەدەن و جێبەجێی ناکەن.''
بەگوتەی ئەو دانیشتووەی کەرتی نۆ هەزاریی فەرمانبەران، پردەکە هیچ رێگرییەک لە رێڕەوی ئاوی باران ناکات، ''چونکە خۆڵینە، پێویست بە تێکدان ناکات، ئەگەر باران زۆر بێت ئاوی باران لەگەڵ خۆیدا دەیبات.''
هاونیشتمانییەکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''حکومەت پردێکی کۆنکرێتیمان بۆ دروست بکات، هیچی دیکەمان لێی ناوێت، هەموو ساڵ پارە کۆ دەکەینەوە و پردە خۆڵینەکە دروست دەکەین. ئەگەر تێکبدرێت، ئێمە بە کوێدا هاتووچۆ بکەین.''
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، ئەگەر پردە خۆڵینەکە تێکبدرێت، رێگەی هاتووچۆیان زیاتر لە سێ کیلۆمەتر دوور دەکەوێتەوە.
ساڵانی پێشوو، چەندین جار لە وەرزی بارانباریندا، لافاو ناوچە جیاجیاکانی هەولێری گرتووەتەوە و زیانیشی هەبووە، بۆیە بڕیارەکەی شارەوانیی هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاوە. هاونیشتمانییەکی دیکە بە رووداوی گوت، ''ئەوان (شارەوانی) مافی خۆیانە پردەکە تێکبدەن، بەڵام ئێمە هیچ رێگەیەکمان بۆ هاتووچۆ نییە. تەنیا دەمانەوێت لە شوێنی ئەو پردە، پردێکی کۆنکرێتمان بۆ دروست بکرێت.''
5ـی ئەیلوول سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "لە دوێنێوە دەستمان بە خاوێنکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو کردووە و تاوەکو کۆتایی وەرزی بارانبارین رۆژانە بەردەوام دەبین".