گەورەشارەوانیی ئامەد (دیداری ئاشتیی ئامەد) ساز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی کۆکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان و گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی، گەورەشارەوانیی ئامەد زنجیرە کۆبوونەوەیەک بە ناوی (دیدارەکانی ئاشتیی ئامەد) رێکدەخات.
ئەمڕۆ هەینی 19ی ئەیلوولی 2025، گەورەشارەوانیی ئامەد لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس دەستپێکردنی پرۆژەیەکی بۆ تاوتوێکردنی پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی راگەیاند. چالاکییەکە بەناوی (دیداری ئاشتیی ئامەد) دەبێت.
یەکەم چالاکی بە پشتیوانیی کۆمەڵەی چاودێری و توێژینەوەی کۆچی میزۆپۆتامیا بەڕێوەدەچێ. چالاکییەکە لەژێر ناوی (کۆچ، گەڕانەوە و ئاشتی) رۆژی 28ی ئەیلوول کاژێر 16:00 تاوەکو 18:00 لە هۆڵی جەمیل پاشا لە ناوچەی سوور بەڕێوەدەچێت.
ئامانج لە پرۆژەکە خستنەڕووی ئازارەکانی رابردوو و تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە و تێیدا سیاسەتڤانان، نووسەران، ئەکادیمیستان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە تێیدا بەشدار دەبن.
لە کۆبوونەوەکاندا کاریگەرییەکانی کۆچ لەسەر کۆمەڵگە و ئەو ئاستەنگە ئەمنی، ئابووری، یاسایی، کۆمەڵایەتی و سیاسییانەش تایبەت بەو کەسانە تاوتوێ دەکرێن کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە گوند، شارۆچکە و شارەکانیان.
بڕیارە چالاکییەکان مانگی جارێک بەڕێوەبچن و بۆ 7 مانگ بەردەوام بن.