بەفر لە پارێزگای ئەرزینگان و دێرسمی باکووری کوردستان باری
رووداو دیجیتاڵ
بەفر لە ناوچە بەرزەکانی پارێزگای ئەرزنگان و دێرسمی باکووری کوردستان باری. کەشناسیی تورکیاش هۆشداری لە بارینی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو بەو هۆیەوە لە ژمارەیەک پارێزگای ئەو وڵاتە دەدات.
بەفرەکە لە لووتکەی ئەسەنجە لە چیای کێشیش لە ئەرزینگان باری. چیاکە 3 هەزار و 549 مەتر بەرزە؛ هەروەها لە ناوچە بەرزەکانی چیاکانی مونزووریش لە دێرسم بەفر باری.
بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ ئاسمانی باکووری کوردستان بەگشتی هەور دەبێ و پێشبینیی بارانبارینی پچڕپچڕ و هەورەبرووسکەش لە زۆربەی دەکرێت.
کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، بەهۆی ئەو کەشەی دروستبووە، پلەی گەرما لە بەشی زۆری باکووری کوردستان چەند پلەیەک دابەزێت.
لە پارێزگاکانی هەرێمی دەریای رەشی تورکیاش پێشبینی باران و تەنانەت ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێن دەکرێ، بە تایبەتی پارێزگاکانی ریزە، سامسوون و ترابزۆن.