داوا دەکرێت ناوی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە بۆ دامەزراندن رەوانەی بەغدا بکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان داوای لە زانکۆکان کردووە، ناوی دەرچووانی سێ یەکەمەکان، هەموو دەرچووانی پزیشکی، تەندروستی و بەشە پزیشکییەکانی 2017-2018 تاوەکو ساڵی 2024-2025ی بۆ بنێرن، بە مەبەستی ناردنیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دامەزراندن، نوێنەری گرێبەستەکان داوا دەکات، ناوی ئەوانیش بنێردرێت.
 
هیوا سەمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە گرێبەستەکان تەنیا ناوی ئەو کەسانە بۆ بەغدا دەنێردرێن کە بڕوانامەی باڵایان لە ناوخۆدا هەیە، یان لە سێ یەکەمەکانن؛ گرێبەستەکانی دیکەی خوێندنی باڵا و پەروەردە نانێردرێن".
 
هیوا سەمەد داوای کرد، ناوی سەرجەم گرێبەستەکانیش بۆ دامەزراندن رەوانەی بەغدا بکرێن، چونکە ساڵانێکە خزمەت دەکەن و ناکرێت لە مافی دامەزراندنی هەمیشەیی بێبەشبکرێن.
 
لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار مامۆستای گریێبەستی پەروەردە، 4 هەزار و 100 مامۆستای گرێبەستی خوێندنی باڵا هەن مووچەیان لە داهاتی ناوخۆ دەدرێت. هەروەها  520 دانەمەزراوی بڕوانامە باڵا، نزیکەی 10 هەزار سێ یەکەمەکان، سێ هەزار مامۆستای ئایینیی خۆبەخش هەن.
 
ئەو نوێنەرەی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا دەڵێ: "حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تەواوی گرێبەستەکانی خۆی دامەزرێنێت، ئێمە داواکارین لە دانوستاندنەکاندا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا بکات تەواوی گرێبەستەکانی ئێمەش وەکو بەغدا بێ جیاوازی دابمەزرێنن بە شێوەی هەمیشەیی".
 
14ـی ئەم مانگە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان کرد، ناوی دەرچووانی سێ یەکەمەکان، هەموو دەرچووانی پزیشکی، تەندروستی و بەشە پزیشکییەکانی ساڵانی خوێندنی 2017-2018 تاوەکو ساڵی 2024-2025یان بۆ بنێرن بۆ ناردنیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی دامەزراندن.
 
نووسراوەکە ژمارە 17010 و رێککەوتی 14-09-2025 و واژۆی د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی لەسەر بوو و بۆ هەموو زانکۆکان نێردرا.
 
دوای نووسراوەکە د. توانا نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی لە بەشەپزیشکی و تەندروستییەکان داوای ناوەکانیان کراوە، سەرجەم دەرچووانی ئەو بەشانەن لەو ساڵانەدا نەوەک تەنیا یەکەمەکان".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "دوای گەڕانەوەی ناوەکان، سەرجەمان دەگەیێنینە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ بۆ رەزامەندیدان بە دامەزراندنیان".
 
لەبارەی دەرچووانی پێش ئەو ساڵانەی لە نووسراوەکەدا دیاری کراوە، د. توانا نەجەف گوتی: "ئەوانەی پێش ساڵی 2017 لە رابردوودا نێردراون بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".