ئەو پیاوەی شێرەکەی بازیانی بینی: شێرێکی سوور و کلک هەڵگەڕاوە بوو
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی بەتەمەن و هاوژینەکەی لە گوندی چاڵەڕەشی سنووری شارۆچکەی بازیان شێرێکیان بینیوە، پیاوەکە دەڵێت، شێرێکی رەنگ سوور و پتەو بوو و کلکیشی هەڵگەڕاندبووەوە.
حەمەڕەشید ئەحمەد ناوی ئەو پیاوە بەتەمەنەیە، ئەو کاتەی شێرەکەی بینیوە، دەمەو ئێوارە بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ هاوژینەکەی خەریکی کۆکردنەوەی جۆ بوون، کاتێک بۆ پشوودان دانیشتوونە و چایان لێناوە ئەو کاتە بینیویانە و نزیکەی 150 مەتر لێیانەوە دوور بووە.
سەرەتا شێرەکە بەلای ئەواندا رۆیشتووە و خۆی کردووەتە چاڵێک ئاوەوە، پاشان چووەتە نێو قامیشەڵانێکەوە. مام حەمەڕەشید بە رووداوی گوت، نەمانوێرا "تەداخولی بکەین" و چوینە بەرزییەک.
ئەو کاتەی شێرەکە بەلای ئەو ژن و پیاوە بەتەمەنەدا تێپەڕیوە و رۆیشتووە، 10 خولەکی پێچووە. مام حەمەڕەشید لە باسی شێرەکەدا بە رووداوی گوت "گەورە و سوور بوو، سەر شانەکانی ئەتوت بەرانە، کلکی نووشتاندبووەوە و سەری کلکی بەرزکردبووەوە". دەشڵێت "فەقیر و هێمن بووە و لەوە دەچوو ماڵی بێت".
حەمەڕەشید ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، چەند شەوێک پێش ئەوەی شێرەکە ببینێت، بە لایت "چاوێکی گەورەمان بینی، نەمانزانی چییە و تەقەیەکی زۆرمان لێکرد، ئێستا هەر دەڵێین ئەوە شێرەکە بووە".
ئەمڕۆ ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بینینی ئەو شێرە ترس و دڵەراوکێی لەلای خەڵکەکە دروستکردووە، بۆیە پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان بە هێلیکۆپتەر بە دوای شێرەکەدا گەڕان، بەڵام هیچیان بۆ نەدۆزراوەتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ناوچەکەیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە هەر کەسێک تەقە لەو شێرە بکات یان زیانی پێبگەیەنێت دەستگیر دەکرێت و دەدرێتە دادگا.