مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بە ساڵێک زیندانیکردن سزادران

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای تاوانی هەولێر بڕیاری دا، سزای ساڵێک زیندانیکردن بۆ هەر یەک لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی ببڕێتەوە.
 
ئاسۆ هاشم، پارێزەری خۆبەخش لە دۆسیەی تۆمەتبارەکان رایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای تاوانی هەولێردا بڕیاردرا هەردوو تۆمەتباران مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی، ساڵێک زیندانی بکرێن و گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی نزیکەی ساڵێک راگیرابوون، ماوەیەکی دیکە ئازاد دەکرێن".
 
ئاسۆ هاشم گوتی: "بەدەل بەرواری دوای 36 رۆژی دیکە ئازاد دەکرێت، بەڵام ئومێد بەرۆشکی لەبەر ئەوەی لەسەر دۆسیەی دیکە سزادراوە، جارێ ئازادناکرێت".
 
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان، کە لە نزیکەوە چاودێری دۆسیەکانی کردووە، لە پەیجەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "ئومێد بەرۆشکی، بە تۆمەتی ناوزڕاندن، حوکمی دوو ساڵی دیکەی لەسەرە".
 
رۆژی 22ی حوزەیران، دادگەی کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی 240 هەزار دیناری بۆ چالاکڤان ئومێد حەجی فەتاح، ناسراو بە ئومێد بەڕۆشکی دەرکرد، ئەویش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ماددەی 240ی یاسای سزاکانی عێراق.
 
رۆژی 15ی ئایاری 2020 واتە رۆژێک پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەروارى، کە یەکێک بوو لە رێکخەرانى سەرەکیى گردبوونەوەکە، لەلایەن پۆلیسى دهۆکەوە دەستگیرکرا.
 
ئاسۆ هاشم گوتی: "هەڵەیەک لە رێککەوتنی دەستگیرکردنەکەی مامۆستا بەدەل بەرواریدا هەیە. ئەو لە مانگی ئایاری 2020 دەستگیرکراوە، بەڵام لەو نووسراوەی کە بۆ دادگا نێردراوە نووسراوە لە 25-11-2020 دەستگیرکراوە بەوپێیە بێت دەبێت دوای  36 رۆژی دیکە ئازاد بکرێت".
 
ئاسۆ هاشم گوتیشی :"لەسەر ئەو هەڵەیە قسەمان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگای کەتنی هەولێر کردووە، ئەوان بەڵێنیان داوە نووسراو بۆ گرتووخانە بکەن. ئێمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەو هەڵەیە راست بکەینەوە".
 
 هەرچەندە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی، لەنێو ئەو 14 کەسە بوون، کە دەبووایە لە کۆتایی مانگی مایسی 2021 ئازادبکرێن، بەڵام بە بڕیاری دادوەر بە تۆمەتی هاندان و بەپێی ماددەی 222 لە یاسای سزاکانی عێراق، خرانەوە زیندانەوە.